ئه‌مه‌ریكا بۆ سووریا: تاقیمان مه‌كه‌نه‌وه و دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه
هیوادارین سووریا ئه‌و كاره گه‌مژه‌ییانه دووباره نه‌كاته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
نیكی هه‌یڵی، نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه گورزه مووشه‌كییه‌كان دووباره بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر بێت و رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د سه‌ر له‌نوێ په‌نا بباته‌وه به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی.
نیكی هه‌یڵی له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، گوتی: "ئێمه متمانه‌ی ته‌واومان به‌وه هه‌یه كه به‌رنامه‌ی كیمیایی سووریامان په‌كخستووه، ئێمه ئاماده‌ین بۆ به‌رده‌وامی گوشاره‌كان ئه‌گه‌ر سووریا ئه‌و كاره گه‌مژه‌ییانه بكات و دووباره بیه‌وێت ئیراده‌مان تاقیبكاته‌وه".
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر سووریا دووباره گازی ژه‌هراوی به‌كاربهێنێته‌وه، ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئاماده ده‌بێت".
به‌ره‌به‌یانی 14ی نیسان، له پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی هاوبه‌شدا، هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا، چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سووریایان بۆردومان كرد، كه گومان ده‌كرێت له هێرشه كیمیاییه‌كه‌ی رژێمی سووریا بۆ سه‌ر شارۆچكه‌ی دومای ناوچه‌ی غوته‌ی رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شق، تێوه‌گلابن.
ئه‌و سێ پێگه سه‌ره‌كییه‌ی كراونه‌ته ئامانج، بریتین له كۆگای چه‌ك و بنكه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنی سوپا له حه‌ما، كۆگایه‌كی چه‌ك كه پێده‌چێت حه‌شارگه‌ی چه‌كی كیمیایی بێت له حیمس، ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی زانستی له دیمه‌شقی پایته‌خت.
ا. م