"ئه‌ستێره‌كانی زانكۆ" 24 زانكۆی كوردستان له پێشبڕكێیه‌كی زانستیدا رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌كاته‌وه
براوه‌ی یه‌كه‌م 30 هه‌زار دۆلار خه‌ڵات ده‌كرێت و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له كوردستان 24 په‌خش ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:
له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا پرۆگرامێكی نوێ و تایبه‌ت به‌ناوی (ئه‌ستێره‌كانی زانكۆ) له كوردستان 24 په‌خش ده‌كرێت و تێیدا له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، 24 زانكۆ ده‌كه‌ونه پێشبڕكێی زانستییه‌وه.
پرۆگرامه‌كه پێشبڕكێیه‌كه له‌نێوان زانكۆ به‌شداره‌كان و به‌شێوه‌ی پرسیار و وه‌ڵامه له هه‌موو بواره‌كانی په‌روه‌رده و فێركردن، زانست، هونه‌ر و وه‌رزش و كایه‌كانی دیكه‌ی ژیان . یه‌كه‌مجاریشه پرۆگرامێكی به‌و شێوه‌یه له كوردستان پێشكه‌ش ده‌كرێت و له‌لایه‌ن پێشكه‌شكاری ناسراو (سۆران ئیبراهیم خه‌یات) به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
پرۆگرامه‌كه به بەچەند قۆناخێک پێشكه‌ش ده‌كرێت و له هه‌ر زانكۆیه‌كی به‌شدار 4 خوێندكار وه‌ك به‌شداربووی سه‌ره‌كی و 2 خوێندكاری دیكه وه‌ك یه‌ده‌گ به‌شدارن و مامۆستایه‌كیش سه‌رپه‌رشتی گرووپی زانكۆكه‌ی ده‌كات.
هه‌ر چه‌نده ئامانجی پرۆگرامه‌كه درووستكردنی كه‌شێكی زانستییه له نێوان زانكۆكاندا و بۆ پێشخستنی ئاستی زانستی خوێندكاره‌كانیان و هاندانیانه بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران بایه‌خ به ئاستی زانستی و مه‌عریفییان بده‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا براوه‌ی یه‌كه‌م بڕی (30 هه‌زار دۆلار) وه‌ك خه‌ڵات وه‌رده‌گرێت و بۆ براوه‌كانی دیكه‌ش خه‌ڵاتی دیكه هه‌یه کە لەلایەن چەند کۆمپانیایەک سپۆنسەر کراوە.
له قۆناغی یه‌كه‌می پرۆگرامه‌كه‌دا، پرسیار ئاراسته‌ی گرووپه به‌شداربووه‌كان ده‌كرێت و براوه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ش ئه‌وانه‌ن كه به خێرایی وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه. به‌ڵام بۆ قۆناغی دووه‌م له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌سی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه ده‌كرێت و راسته‌وخۆ پرسیار له هه‌ر یه‌ك له به‌شداربووه‌كان ده‌كرێت. جگه له‌وه‌ی قۆناغی دیكه‌شی هه‌یه.
پرۆگرامه‌كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئۆری میدیا، تایبه‌ت بۆ كوردستان 24 به‌رهه‌مهێنراوه‌و بڕیاره له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا بكه‌وێته به‌ر دیدی بینه‌ران.