نەجمەدین كەریم: نەدەبوو كورد بەشداری لە ھەڵبژاردنی ناوچە داگیركراوەكان بكات
"بەھۆی دۆخەكە كورد وەك ساڵی 2014 سەركەوتن بە دەست ناھێنێ"
K24 - واشنتن
پارێزگاری کەرکووك پێیوایە بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنەكانی ناوچەکانی ماددەی 140 هەڵەیە و دەبوایە کورد لەم ناوچانە هەڵبژاردنی بایکۆتی بکردبایە، چونکە ئەم ناوچانە داگیر کراون.
لە سیمینارێکی دامەرزراوەی ودرۆ ویڵسن بۆ لێكۆڵینەوە و دیالۆگ، لە واشنتن. نەجمەدین کەریم، باسی لە چارەنووس و داهاتووی عێراق و رۆڵی کورد و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کرد. لە لێدوانێکی تایبەتیشدا بۆ کوردستان24، پێشبینی کرد، کورد لەم هەڵبژاردنەدا وەك ساڵی 2014 سەرکەتن بە دەست ناهێنن.
نەجمەدین كەریم گوتی: "بەشداری كردنی كورد لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كەركووك و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە ھەڵەیە، چونكە بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نییە، ھێزی لێیە داگیری كردووە، خەڵكێكی زۆر ناوچەكانیان بەجێھێشتووە، لەبەر ئەوە پێموایە، كورد لەم ھەڵبژاردنە ئەو سەركەوتنە بە دەست ناھێنێ كە لە ساڵی 2014 لە كەركووك بە دەستمان ھێنا".
"سەرەڕای ناخۆشییەکان و روون بوونەوەی ھەڵوێستی دۆست و دوژمنەکانی کورد لە دوای پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، ئەمڕۆ واقیعی سیاسی لە ناوچەکەدا ئەوە دەخوازێت کورد گۆڕەپان چۆڵ نەکات و بەشداری بکات لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق، بەمەرجێک چیدی یەکتری نەشکێننەوە" ئەمە راو بۆچوونی سیاسەتوان پڕۆفیسۆر (ئێمی ئۆستن)ە ، کە پێشکەشکاری سەرەکی سیمینارەکە بوو.
ئێمی ئۆستن بە كوردستان24 گوت: "پێشکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ئاماژەی باشن، کرانەوی فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی شتێکی ئەرێنیە و بۆ کەسانی وەك من و چاودێران و رۆژنامەنووسانی جیھانی ھەموومان لەم رێگەیەوە سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەین، ھیوادارم ھەڵبژاردنەکە ئاشتییانە بەڕێوە بچێت وئاکامی چاکی ھەبێ، دەرکەوتنی چەند لایەنێکی سیاسی نوێش لەم ھەڵبژاردنە باشە و گرنگ ئەوەیە رەوشەکە بەرەو باشتر ببرێت".
ھ.م