هه‌ندێك قوتابخانه‌ی عێراق ده‌بنه چوار ده‌وامی
له یه‌ك پارێزگادا 105 قوتابخانه‌ی قوڕ هه‌ن

K24 - هه‌ولێر:
په‌رله‌مانتارێكی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ره‌وشی قوتابخانه‌كانی پارێزگای زی قار، له خراپیدایه و هه‌ندێك قوتابخانه خه‌ریكه ده‌بنه چوار ده‌وامی و ژماره‌یه‌كی زۆریش باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌كانیش قوڕن.
زه‌ینه‌ب خه‌زره‌جی، په‌رله‌مانتاری عیراق رایگه‌یاندووه، ژماره‌ی قوتابخانه قوڕه‌كانی پارێزگاكه گه‌یشتووه‌ته 105 قوتابخانه، جگه له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆریشیان له‌ناو كابینهن و به كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ن پرۆسه‌ی خوێندنی تێدا به‌ڕێوه‌بچێت.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، ساڵی داهاتوو ساڵێكی "پڕ له كاره‌سات ده‌بێت" بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده له عێراق به گشتی و له‌و پارێزگایه به‌تایبه‌تی.
په‌رله‌مانتاره‌كه هۆكاره‌كه‌شی بۆ كه‌مته‌رخه‌می حكوومه‌تی عیراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت، كه تا ئێستا هیچ بودجه‌یه‌كی بۆ نۆژه‌ندكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانی پارێزگا ته‌رخان نه‌كردووه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاشكراشی ده‌كات، زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانی زی قار، سێ ده‌وامین و هه‌ندێكیان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن ساڵی داهاتوو بكرێنه چوار ده‌وامی، چونكه ژماره‌ی قوتابییان زۆره و باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌كانی كه‌من و بۆ خوێندن گونجاو نین.
ا. م