گوندنشینان داوا لە كاندیدەكان دەكەن گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ بدەن
"حكوومەت ھاوكاریمان ناكات و ھەموو شتێك لەسەر خۆمانە"
K24 - سلێمانی
سەرباری ئەوەی خەڵکانێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکان سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین به تایبهتیش له گوندەکان، بەڵام وەك پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، یاخود ھەر ھاوکاریش نەکراون، ئەوەش وایکردووە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو کەرتانە دروست بکات، بۆیە گوندنیشان خوازیارن ئەو کاندیدانەی دەچنە ئهنجوومهنی نوێنەرانی عێراق، کار بۆ بەرەو پێشچووبردنی كهرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن، بۆ ئهوهی ژێر خانی ئابووری کوردستان بەھێز بکرێت.
عهبدولقادر رەحمان، رۆژانە بە بەخێوکردنی ئاژەڵداریەوە سەرقاڵە، رۆژژمێرێکیشی خستووەتە گیرفانییەوە و ناو بەناوە تەماشای دەکات، تا بزانێت چهند رۆژی ماوه بۆ ههڵبژاردن و چوونی نوێنهرانی كوردستان بۆ بەغدا و چۆن کار لەسەر داواکارییەکانیان دەکرێت. ئەو پیاوە تەمەنی 40 ساڵە و زۆربەی کاتەکانی لەم دەشت و دهرە بەڕێكردووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، ئیش و كارەكانیان سودێكی ئەوتۆی نییە، بەو پێەی ھاوکاری نەکراون تا برەو بە پیشەکەیان بدەن و بتوانن بەرھەمی زیاتر بخەنە بازاڕەوە.
عهبدولقادر دەڵێت: "ئەو پێداویستیانەی بۆ ئاژەڵداری و كشتوكاڵ پێویستە دەبێ بە پارەی خۆمان بیكڕین، بۆ نموونە دەچیتە (بەیتەریە) ڤێتەرنەری و دەرمانمان دەوێت، دەڵێن، بڕۆ لە دەرمانخانە بیكڕە، حكوومەت ھیچ شتێكمان ناداتێ و ھاوكاریمان ناكات، خەڵكیش سارد دەبێتەوە لە ئاژەڵداری، داوا دەكەین لە داھاتوودا گرنگی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بدەن".
چەند ساڵێکە خەڵکانێکی زۆر گەڕاونەتەوە بۆ لادێ و دەستیان بە کاری کشتوکاڵ کردووەتەوە، بەڵام ھەموویان بەگلەیین لە ھاوکارینەکردنییان، وەك جووتیارێك باسی دەکات، گرنگی نەدان به كهرتی كشتووكاڵ کاریگەری زۆرخراپی لەسەر بەرھەمە خۆماڵییەکان دروستکردووە، و ههر ئهمهش وایكردووه خواستی بازاڕهكان به بهرههمی هاورده پڕ بكرێنهوه.
عەبدورەحمان حەیدەر، كە چەندین ساڵە سەرقاڵی كشتوكاڵە ئەو دەڵێت: "داوا دەكەین لەكاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ، سنوورەكان دابخرێن و بەرھەمی وڵاتانی دیكە نەھێندرێتە بازاڕەكانی كوردستان، ھەروەھا ئەو بەروبوومەی لە ناوخۆ ساخ ناكرێتەوە رێگە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە".
بەشێك لە کاندیدانی لایەنە سیاسییەکان بانگهشهی ئهوه دهكهن كه لە ئهنجوومهنی نوێنەرانی عێراق دەبنە داکۆکیکارێکی سەرسەخت لەگرنگیدانە بە گوندنشیان و برەودان بەزیادکردنی بەرھەمەکەنیان لە رێگای خزمەتکردنیانەوە.
عینایهت نامیق، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "كار دەكەین بۆ ئەوەی لە بارودۆخێكی سەقامگیردا، بۆ بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە ھەرێمی كوردستان".
ھ.م