یەكێتی دان بە كەمبوونەوەی دەنگدەرانی دادەنێت

ھۆكارەكە دەخرێتەڕوو

K24 - ھەولێر

به‌رپرسی بەشی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبە‌ندی 3ی یه‌كێتیی نشتیمانی كوردستان رایده‌گه‌یەنێت، لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، چاوەڕوان دەكرێت ژمارەی كورسییەكانمان لە 21 كورسی بۆ 16 كەم ببێتەوە.

چه‌ند رۆژێك به‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا تێپه‌ڕیووه‌، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی خۆیان به‌كار خستووه‌، تا توێژینه‌وه‌ و راپرسی بكه‌ن و پێشبینی خۆیان له‌ ئێستاوه‌ بۆ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بخه‌نه‌ڕوو. یه‌كێتی خۆی یه‌كلاكردووەته‌وه‌و بەرپرسێكی دەزگای ھەڵبژاردنی ئەو حزبە ئاشكرای دەكات كە رێژەی دەنگەكانیان بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەكانی رابردوو كەم دەكات.

هه‌ژار محه‌ممه‌د، به‌رپرسی بەشی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌ندی 3ی یه‌كێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێستا 21 كورسیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەو رووداوانەی كە لەناوخۆی یەكێتی و كوردستان روویانداوە، رەنگە بتوانین 16 كورسی بە دەست بێنین".

گوتیشی: "رووداوەكانی ئەم دوایەی كوردستان دەبێتە ھۆكار بۆ دابەزینی رێژەی دەنگدەرانی ھەموو لایەنەكان كە یەكێكیان یەكێتییە".

زۆرێك له‌ حزبه‌كان ناتوانن به‌ ئاشكرا ژماره‌ی ئه‌و كورسیانه‌ بڵین، كه‌ پێشبینی حزبه‌كه‌یانە، به‌ڵام یه‌كگرتووی ئیسلامی پێی وایە، رێژەی ده‌نگه‌كانیان زیاد ده‌كات.

قاسم گه‌ڵاڵی، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌لبژاردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "كاندیدەكانمان خاوەن ئەزموونن و ناسراون، كاریگەرییان ھەیە، بەپێی ئەو پلان و بەرنامەی رێژییە كە دامانناوە، چاوەڕێی دەنگی زیاتر دەكەین".

كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانیش ئێستا خاوه‌نی سێ كورسییه‌، به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌ی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كه‌یان ئه‌وانیش كورسییەك، یان دوو كورسی زیاد ده‌كه‌ن.

كه‌مال هه‌مزه‌، كارگیری ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بە كوردستان24 گوت: "بەپێی ھەموو پێشبینیەكان لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق ژمارەی كورسییەكانی كورد كەم دەكات، بە تایبەتی لەناوچە دابڕێندراوەكان، بەڵام ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامی، لانی كەم دەنگەكانمان وەك خۆی دەمێنێتەوە یان زیادتر دەكات".

پارتی نایه‌وێت هیچ ژماره‌یەك وەك پێشبینی بۆ بە دەستھێنانی كورسییەكانی بدركێنێ، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌ڵێت، ژماره‌ی كورسییەكانمان دوو به‌رامبه‌ر كورسییه‌كانی ئێستا زیاد ده‌كات، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و نه‌وه‌ی نوێش بە دڵنیاییەکی زۆرەوە ده‌ڵێن، زۆرترین كورسی دێنین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ ته‌نیا قسه‌یه‌ و 12ی مانگی داهاتوو هه‌موو شتێك روونده‌بێته‌وه‌.

 ھ.م