گه‌وره‌ترین جینۆسایدی منداڵان له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا
سه‌رجه‌م منداڵه‌كان سینگیان هه‌ڵزڕێندراوه و دڵیان له جه‌سته ده‌رهێندراوه
K24- هه‌ولێر:
زانایانی شوێنه‌وارناس چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كیان له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵكوژی منداڵان له جیهان دۆزیوه‌ته‌وه، كه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا تۆماركراوه.
دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2011 خه‌ڵكی كه‌ناراوه‌كانی باكووری وڵاتی پیرۆ، ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌یان له بوونی ژماره‌یه‌ك روفاتی مرۆڤ له ناوچه‌كه ئاگادار كرده‌وه، چه‌ند هه‌ڵمه‌تێكی كنه و پشكنین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌یان روفاتی كۆنی منداڵان و ئاژه‌ڵی "لاما" ده‌ستی پێكرد. له‌ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌دا، تیمی زانایان به سه‌دان روفاتیان دۆزیوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ناشناڵ جیۆگرافیك، له ئه‌نجامی پرۆسه‌ی كنه و پشكنین له‌ناوچه‌ی "هۆنچاقویتۆ- لاس لیاماس"، روفاتی زیاتر له 140 منداڵ و 200 ئاژه‌ڵی "لاما" له‌و ناوچه‌یه دۆزراونه‌ته‌وه و، له ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه، سنگی ئه‌و روفاتانه كراونه‌ته‌وه و دڵیان له جه‌سته ده‌رهێندراوه.
وه‌ك له راپۆرته‌كه‌ی ناشناڵ جیۆگرافیك ئاماژه‌ی پێكراوه، به‌گوێره‌ی شیكاری پشكنینه‌كانی "رادیۆكاربۆنی ریشاڵه‌كان" كه له شوێنی دۆزینه‌وه‌ی روفاته‌كان كراوه، رێوڕه‌سمی جینۆسایدی ئه‌و منداڵانه بۆ ساڵانی 1400 و 1450ی زاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پسپۆڕان له‌و باوه‌ڕه‌دان، ته‌واوی ئه‌و منداڵ و ئاژه‌ڵانه له رێوڕه‌سمه‌كاندا كراونه‌ته قوربانی و، به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵزڕاندنی سینگیانه‌وه كوژراون. زانیارییه‌كانی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی ته‌مه‌نی ئه‌و منداڵانه كه هه‌ردوو ره‌گه‌زی كوڕ و كچ له‌خۆ ده‌گرێت، له‌نێوان 8 بۆ 12 ساڵیدا بووه، وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی هه‌ندێكیان گه‌یشتۆته 14 ساڵ و بچووكترینیشیان ته‌نیا 5 ساڵان بووه.
له‌كاتێكدا كه جه‌سته‌ی منداڵه‌كان به‌ئاراسته‌ی ده‌ریاوه نێژراون، ئاژه‌ڵی "لاما" كه ته‌مه‌نیان خوار 18 مانگی بووه، سه‌رجه‌میان به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه و له‌سه‌ر ڕێگای شاخی ئه‌ندێز نێژراون و، روخساری ژماره‌یه‌كیان به بۆیه‌ی سووری درووستكراو له زه‌نجه‌فه‌ر "گۆگرداتی مس" ره‌نگ كراوه.
لێكۆڵینه‌وه‌كان كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵ به‌رده‌وام بوون، وێنه‌یه‌كی دڕندانه‌ی كاره‌ساتێكی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌رامبه‌ر به منداڵان نیشان ده‌ده‌ن، كه مێژووه‌كه‌ی بۆ نزیكه‌ی 600 ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌گوێره‌ی په‌ڕاوه‌كانی مێژوو ئه‌و رووداوانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی "شیمو"ی به‌ر له كۆڵۆمبی.
لێكۆڵینه‌وه شوێنه‌وارییه‌كان بۆ ئه‌و شوێنپێیانه‌ی له‌ناوچه‌كه دۆزراونه‌ته‌وه، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، به‌ر له سه‌دان ساڵ منداڵ و ئاژه‌ڵه قوربانییه‌كان له كه‌ژاوه‌یه‌كدا كه له باكوور و باشووره‌وه هێنرابوون، له‌و شوێنه به‌یه‌ك گه‌یه‌ندرابوون و هه‌ر له‌و شوێنه‌ش كۆمه‌ڵكوژی كراون، ته‌رمی منداڵ و ئاژه‌ڵه‌كان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌خاك بسپێردرێن، له چاڵه‌كاندا فڕێدرابوون و به‌چینێك قوڕ و لیته داپۆشرابوون.
وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه یه‌كه‌م رووداوی له‌مجۆره نییه له مێژوودا، به‌ڵام زانایان به شێوازی تراژیدیای ئه‌و رووداوه تووشی شۆك بوونه، كه له پیرۆ دۆزراوه‌ته‌وه، پێشتریش گه‌وره‌ترین رووداوی جینۆسایدی منداڵانی هاوشێوه له ناوچه‌ی تیمپلۆ مایۆر له پایته‌ختی ئه‌زتیك دۆزرابووه‌وه، كه روفاتی 24 منداڵی تێدا بوو.
H.B