جگه‌ر عه‌زیز عه‌لی: له رێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی كێشه‌كانی به‌رده‌م كه‌رتی نه‌وت كه‌مده‌كرێته‌وه
دووه‌مین كۆنفرانسی زانستی تایبه‌ت به نه‌وت و گاز به سپۆنسه‌ری كوردستان 24 له زانكۆی سۆران ده‌ستیپێكرد
K24 - سۆران:
دووه‌مین كۆنفرانسی زانستی تایبه‌ت به نه‌وت و گاز، له زانكۆی سۆران به به‌شداری ژماره‌یه‌ك له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، به سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان 24 له شاری سۆران ده‌ستیپێكرد و تێیدا ژماره‌یه‌ك توێژینه‌وه‌ی زانستی له باره‌ی ئه‌و كێشانه‌ی دووچاری كه‌رتی نه‌وت ده‌بنه‌وه، پێشكه‌ش ده‌كرێن.
جگه‌ر عه‌زیز عه‌لی، سه‌رۆكی به‌شی ئه‌ندازیاری نه‌وت و گاز له زانكۆی سۆران به وێبسایتی كوردستان 24ی راگه‌یاند، مه‌به‌ست له سازكردنی كۆنفرانسه‌كه، درووستكردنی ژینگه‌یه‌كی گونجاوه بۆ هه‌ماهه‌نگی نێوان زانكۆكان و هاوكات یارمه‌تیدانی كۆمپانیاكانی نه‌وت و وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان.
روونیشی كرده‌وه، پێویسته له رێگه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌هێزتره‌وه له نێوان وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان و كۆمپانیاكانی نه‌وت كه له كوردستان كار ده‌كه‌ن، كێشه‌كانی به‌رده‌م كه‌رتی نه‌وت و هه‌ڵكه‌ندنی بیری نه‌وت چاره‌سه‌ر بكرێن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ندێك كێڵگه‌ی نه‌وتی دووچاری كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م بوونه، بۆ نموونه كێڵگه هه‌بووه له 80 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه هاتووه‌ته سه‌ر 7 هه‌زار به‌رمیل، هه‌یه چینه به‌ردینه‌كانی ژێرخاك دووچاری داڕمان بوونه، هه‌شه رێژه‌ی ئاو له نه‌وته‌كه زیاتربووه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، یه‌كێك له‌و توێژینه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ پێشكه‌شكراوه، تایبه‌ت بووه به نانۆ ته‌كنه‌لۆژیا، كه ئێستا له‌سه‌رجه‌م بواره زانستییه‌كانی دیكه‌دا به‌كارده‌هێنرێت و ده‌كرێت بۆ به‌رهه‌مێنانی و ده‌رهێنانی نه‌وتیش سوودی لێوه‌ربگیرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ته‌واوی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له كۆنفرانسه‌كه‌دا پێشكه‌ش ده‌كرێن، دواتر له گۆڤاری زانستی زانكۆكه‌دا چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه.