دەست بە دابەشكردنی خانووەكانی گوندی كۆری كرا

خانووەكان بە شێوەی تیروپشك دابەش دەكرێن

K24 - ھەولێر

لە رێوڕەسمێكدا لە ھەولێر ئەمڕۆ بەشێوەی تیروپشك دەستكرا بە دابەشكردنی خانووەكانی گوندی كۆری كە نزیكەی ھەزار خانوو دەبێت.

تاھیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ تیرو پشك بۆ ئەو خانووانە ئەنجام دەدرێت كە دوو قیستیان داوە، دواتر كۆمپانیای جێبەجێكار گرێبەست لەگەڵ ھاووڵاتیان دەكات، بۆ ئەوەی ئەو خزمەتگوزارییەی ماوە لە پڕۆژەكە لە ماوەی داھاتوودا تەواوی بكات و لە ماوەی 45 رۆژ خانووەكان رادەستی خاوەنەكانیان دەكرێن".

گوتیشی: "ئەو كەسانەی كە تائێستا قیستی دووەماین نەداوە، دەبێ چارەسەرێكی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە و مافیان نەخورێت".

جێگری پارێزگاری ھەولێر روونیكردەوە ژمارەی خانووەكان زۆرترە، بەڵام ئێستا تەنھا نزیكەی ھەزار خانوو تەواو بووە و ئەو ھاووڵاتیانەی قیستی دووەمیانداوە داوایان كردووە كە دابەش بكرێن و قیستی سێیەمیش لەكاتی رادەستكردنی خانووەكان دەدرێت".

پڕۆژەی گوندی كۆری له‌ ساڵی 2014 به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیایه‌كی كۆریای باشوور لە ھەولێر لە سه‌ر رووبه‌ری هه‌زار و 592 دۆنم زه‌وی ده‌ستی پێكرد به ‌مەبە‌ستی دروستكردنی 6 هه‌زار و 512 خانوو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كرێنشینان له‌ هه‌ولێر. بەڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ ته‌واوكردنی پرۆژه‌كه‌ دواكەوتووە و ھاووڵاتیان نەیانتوانیووە قیستی خانووەكان بدەن.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment