حەشدی شەعبی نەوتی كەركووك بە تاڵان دەبات

"ئەو گرووپەی كەركووكیان رادەست كرد ھەموو شتێكیان لە دەست چوو"

K24 - ھەولێر

نه‌وتی كه‌ركووك له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی به‌ تانكه‌ر ده‌فرۆشرێته‌ ئیران، په‌رله‌مانتارێكی پارتیش ئاشكرای ده‌كات، به‌ڵێن به‌ گرووپێكی نێو یه‌كێتی درابوو، كه‌ركووكیان بۆ چۆڵ بكه‌ن و له‌به‌رانبه‌ردا نه‌وتیان راده‌ست ده‌كه‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی میلیشا شیعیه‌كان كه‌ركووكیان داگیركرد و ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست، نه‌وته‌كه‌شیان له‌ژێر ده‌ستی گرووپی 16 ئۆكتۆبه‌ری ده‌رهێنا و ته‌نانه‌ت پۆسته‌ ئیدارییه‌كانیشیان له‌و حزبه‌ وه‌رگرته‌وه‌.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، په‌رله‌مانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەوانەی كەركووكیان رادەستی حەشدی شەعبی كرد، ئێستا ھەموو ھیچچان بە دەستەوە نەماوە لە شارەكە، پۆستی پارێزگار و بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری تەندروستی و چەند پۆستێكی دیكە ھەموویان لێوەرگیراوەتەوە، ئێستا ئەو بەشە نەوتەشیان نەما كە پێیان دەدرا، بەڵكو تەنھا رۆڵی دەڵاڵیان بۆ ماوەتەوە، بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەر دەستی مندایە رۆژانە ھەر فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی لە كەركووك نزیكەی 50 تەنكەر نەوت رەوانەی ئێران دەكات".

ئەوەش دەخاتەڕوو، یه‌كیتی رێگره‌، پێشمه‌رگه‌ بگه‌رێته‌وه‌ كه‌ركووك، لەوبارەوە دەڵێت: "ئەگەر یەكێتی داگیركاری كەركووك رەتبكاتەوە و بێتە پاڵ پارتی، لە ماوەی یەك مانگدا ھیچ ھێزێكی عێراق ناتوانن لە بەشی باشووری كەركووك بمێننەوە، كە لە ساڵی 2014 پێشمەرگەی لێبووە".

ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی پارێزگای كه‌ركووكییش نایشارێته‌وه‌، له‌دوای 16 ئۆكتۆبه‌ر، بێسه‌روبه‌ریەكی زۆر له‌ كه‌ركووك هه‌یه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نیش رایدەگەیەنێت، نازانین نه‌وت چی به‌سه‌ردێـت.

رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك دەڵێ: "لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە بێسەروبەرییەك لە كەركووك دروست بووە، وەزارەتی نەوتی عێراق لەوە بەرپرسە كە چۆن ئەو نەوتە بەرھەم دەھێندرێ و بە كوێ و لە كام رێگاوە دەفرۆشرێت".

 ھ.م