گۆڕان: خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌ین

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه: رێگه‌ به‌دروستكردنی هێز ناده‌ین

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی یاسا و رێنماییەكانی ھەردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دروستكردنی هه‌ر هێزێكی چه‌كدار له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم رێگەپێدراو نییه‌ و نا یاساییه‌، جێگری سه‌رۆكی ئه‌ركان رایدەگەیەنێت، نه‌ له‌ په‌رله‌مان و نه‌ له‌ یاساكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رێگە به ‌هیچ حزبێك نادرێت هێزی چه‌كدار دروست بكات.

لە رۆژی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەھۆی كەمكردنی دەنگەكانی گۆڕان لە سلێمانی و تۆمەتباركردنی یەكێتی بە ساختەكار، گرژی كەوتە نێوان یەكێتی و گۆران، ھێزێك ھێرشی كردە سەر مەكۆی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی. له‌چاو تروكانێكدا گرده‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پڕ له‌ هێزی چه‌كداربوو، ئه‌ندامی جڤات و په‌رله‌مان، هه‌ڵسوراو لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌ستیاندایه‌ چه‌ك بۆ پاراستنی گردی زه‌رگه‌ته‌.

شه‌وی 12 مانگه‌، گۆڕانخوازن رۆژیان به‌ چكه‌وه‌ كردووه‌، راوێژكارێكی بزووتنه‌وه‌كه‌ش ده‌ڵێت، رێبازی نه‌وشیراون مسته‌فا فێری كردین، هیچكات خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ده‌ین.

كاردۆ محه‌مه‌د، راوێژكاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە لە دارستان دەژین ناكرێ ئاسك بین و راوبكرێین، دەبێ بەرگری لە خۆمان بكەین، چونكە كە ھاتنە سەرت ھەموو رایەك رێگە بەوە دەدات بەرگری لەخۆت بكەیت. گۆڕان وەك ھێزێكی سیاسی و رێبازی نەوشیروان یەكێك لە بەھێزیەكانی سەربەخۆیی بوون و خۆ بەدەستەوە نەدانە".

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیان به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی بێ چه‌ك وه‌سفده‌كه‌ن، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ دروستكردنی هێزی چه‌كداری له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌ر له‌ یاسا چه‌نده‌ دروسته‌، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ ده‌داته‌وه‌.

قه‌ره‌مان شێخ كه‌مال، جێگری سه‌رۆكی ئه‌ركان دەڵێت: "ئەگەر دامودەزگای حزبەكان پێویستیان بە پاسەوان بێت ئەوە وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێت پاسەوانیان بۆ دابین بكات، بەدەر لەوە دروستكردنی ھیچ ھێزێكی سەربازی رێگە پێدراو نییە، لە یاسای وەزارەتی پێشمەرگە ھیچ خاڵێك رێگە بە دروستكردنی ھێزنادات".

له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ده‌رئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پشێوی و ئاڵۆزی له‌ شاری سلێمانی دروستبوو، گه‌یشته‌ ئاستی هێرشكردنه‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌م نێوه‌نده‌ شه‌ش حزب یه‌كێتیی به‌ سه‌خته‌كار وه‌سف ده‌كه‌ن، یه‌كێتیش ده‌ڵێت، ئه‌وانه‌ی په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ یه‌كێتیی به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌بێت په‌نجه‌یان ببڕدرێـت.

ھ.م