پارتی و یه‌كیتی تاوتوێی پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتیه‌ك ده‌كه‌ن

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی: ئێمه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا لایه‌نه‌كانی دیكه‌ پشتگوێ ناخه‌ین به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن له‌ئێستاوه‌ ته‌پڵی كۆنه‌بوونه‌وه‌ لێده‌ده‌ن

K24- هه‌ولێر:

بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌ به‌غدا كۆببنه‌وه‌، له‌مباره‌شه‌وه‌ له‌لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، عه‌لی حوسێن ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دووپاتیكرده‌وه‌، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ پشتگوێ ناخه‌ین، به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌ ئێستاوه‌ ته‌پڵی كۆنه‌بوونه‌وه‌ لێده‌ده‌ن.

له‌به‌رامبه‌ریشدا، ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ كوردستان 24 ئاشكرایكرد، هه‌ندێك لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ تینووی ده‌سه‌ڵاتن، نه‌ك نێوماڵی كورد تێكده‌ده‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ حكومه‌تیش بڕوخێنن، هه‌وره‌ها گوتی، گیانی ئۆپۆزسیۆنێتییان له‌ ناوخۆی كوردستان كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆده‌نگی كورد له‌ به‌غداش درووست كردووه‌ و نایانه‌وێ له‌ عێراقیش له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی رێك بكه‌ون.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ‌لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی كوردستان هێشتا خه‌یاڵیان لای ئه‌وه‌یه‌، هه‌ڵبژاردنه‌كان دووباره‌ بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان گومانیان له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌و ئه‌نجامه‌ی ئێستاش ئه‌گه‌ر كورد به‌ یه‌ك هاوپه‌یمانی بچێته‌وه‌ به‌غدا، ژماره‌ی كوردسییه‌كانی له‌هه‌موو لیسته‌كانی دیكه‌ی عێراقی زیاتره‌.

H.B