"ته‌عریبچییه‌كان دوورینه‌وه‌ی گه‌نم به خه‌ڵكی په‌ڵكانه راده‌گرن"
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی سه‌رگه‌ڕان داوای به‌هاناوه‌چوون له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
عه‌ره‌به‌كان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر دانیشتوانى گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانی قه‌زای دوبز و به‌پشتیوانى لیوایه‌كی پۆلیسى فیدراڵی و پێش چه‌ند رۆژێكیش دروینه (دوورینه‌وه‌ى گه‌نم) یان به خه‌ڵكی ناوچه‌كه راگرتووه. به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی سه‌رگه‌ڕانیش داوا له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات ئه‌و بێ ده‌نگییه بشكێنیت وبه‌زوترین كات هێزیك بنێرێت و ئه‌و تهعریبچییانه ده‌ربكه‌ن".
له‌وباره‌یه‌وه لوقمان حسێن ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی سه‌رگه‌ڕان، داوای له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه، بێته ده‌نگ و رێگه له‌و عه‌ره‌به تهعریبچیانه بگرن، چونكه ئه‌گه‌ر وا نه‌كرێت گونده‌كانى سنوورى ناحییه‌كه به‌ته‌واوى چۆڵ ده‌كرێن وعه‌ره‌به هاورده‌كانى گونده‌كانى دیكه‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كه".
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی سه‌رگه‌ڕان له ئاگاداریینامهیهكدا ده‌ڵێت: " له‌دواى ١٦ـی كۆكتۆبهر و داگیركردنى كه‌ركوك له‌لایه‌ن سوپاى عێراق وحهشدى شه‌عبى و هاتنه‌وه‌ى عه‌ره‌به هاورده‌كانى سنوورى ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕان وپهڵكانه بۆ ئه‌وه‌ی دووباره ته‌عریبكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه ده‌ستپێبكه‌ن، ئێستا پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پڕچه‌كیان ده‌كه‌ن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه پێشتر دوای هه‌وڵێكی زۆر له‌لایه‌ن په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران وپارێزگاى كه‌ركوك و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و ده‌زگا حزبییه‌كان نه‌توانراوه ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت و كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی رێگه‌نه‌ده‌ن خه‌ڵكی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه گهنمهكانیشیان بدوورنه‌وه".
به‌هۆی رێككه‌وتنی نێوان چه‌ند به‌رپرسێكی یه‌كێتی و حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق، هێزه‌كانی عێراق گه‌ڕێنرانه‌وه كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه كوردستانییه‌كانی دیكه و به‌و هۆیه‌شه‌وه هه‌ڕه‌شه كه‌وتووه‌ته سه‌ر كورده‌كان و مه‌ترسیی ته‌عریبێكی دیكه سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌و له چه‌ند شوێنێكیش به كرده‌یی ئه‌نجامدراوه.