سه‌رۆك بارزانی: كورد لەژێر رۆشنایی سێ پڕەنسیپ به‌شداری حكوومه‌تی داهاتوو عێراق ده‌كات
باڵیۆزی فه‌ره‌نسا: ئاماده‌ین به‌شداری له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ين

K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆك بارزانی، له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له برۆنۆ ئۆبیر باڵیۆز و دۆمینیك ماس، كۆنسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له هه‌ولێر، رایگه‌یاند، به‌شداریكردنی لایه‌نه كوردستانییه‌كان، له حكوومه‌تی داهاتووی عێراق له‌سه‌ر سێ پره‌نسیپی سه‌ره‌كی ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، سه‌رۆك بارزانی، له سه‌ڵاحه‌ددین له‌گه‌ڵ برۆنۆ ئۆبیر باڵیۆز و دۆمینیك ماس، كۆنسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له هه‌ولێر كۆبووه‌وه و لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان و بەشداریی لایەنە كوردستانییەكان جەختی لەوە كردەوە رەچاوكردن و جێبەجێكردنی هەر سێ پرەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگی لە دۆسیەی سیاسی و بەڕێوەبردن و ئابووری و ئەمنیدا ئەولەویەتی سەرەكییه و وردەكارییەكانی دیكه لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا دەبێت لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپە سەرەكییە بێت.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆكی فەڕەنسا و وەزیری دەره‌وەی وڵاتەكەی بۆ سەرۆك بارزانی، پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد.
برۆنۆ ئۆبیر هیوایشی خواست هەرێمی كوردستان بەشداریی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بكات لەسەر بنەمای بنچینەكانی دەستوور و عێراقییەكانیش رێز لە ویست و ئاواتەكان گەلی كوردستان بگرن.
هەروەها ئاماژەیشی بە ڕۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی سەرۆك بارزانی دا لە ئاییندەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ئامادەیە یارمەتیدەر بێ بۆ داهاتووی عێراق و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك و گەل و حكوومەتی فەڕەنسای كرد لەبەرانبەر گەلی كوردستان و بە هەڵوێستێكی هاوسەنگی لەقەڵەم دا كە لە گەلێك چاوەڕێ دەكرێ كە خاوەنی شارستانیەت و پڕەنسیپەكانی مرۆڤسالارییە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە گشت قۆناغێكدا گەلی كوردستان خۆی بە دۆستی نزیكی گەلی فەڕەنسا دەزانێ و سوپاسگوزاریەتی.
مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو و هەردوولایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لە مەڕ پڕۆسەی سیاسی و پێشهاتەكانی عێراقدا لە ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوامدا بن.