پارتی و یەكێتی دەستبەرداری یەكترنابن
"بەرگری كردن لە مافەكانی گەلی كورد لەسەر چەند لایەنێك جێناھێڵین"
K24 - ھەولێر
یه‌كێتی ده‌یه‌وێت سه‌ردانی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بكات و بڕیاریشە لە چەند رۆژی داھاتوودا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە مەبەستی تاوتوێكردنی دروستكردنی هاوپه‌یمانی كوردستانی بۆ به‌غدا كۆببنەوە.
یه‌كێتی چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی لایه‌نه سیاسییه‌كانه، تا جه‌وله‌یه‌كی سەردانی سه‌رجه‌م حزبه‌كانی كوردستان ده‌ست پێبكات. ئه‌وان له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌یان بڕیاریانداوه سه‌ردانی لایه‌نه‌كان بكه‌ن، تا به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی كوردستانی بۆ به‌غدا پێك‌بێنن.
سه‌عدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەوانەی دەتوانن ئێستا پێكەوە دابنیشین یەكێتی و پارتین، لە داھاتوویەكی نزیكدا كۆدەبینەوە، كۆبوونه‌وه‌ی ئەو كۆبوونەوەیەش به‌دیل هیچ كۆبوونه‌وەیه‌كی دیكه نییه. لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش كۆدەبینەوە، بەڵام چاوەڕێ دەكەین تا كۆتایی داواكەیان دێت كە لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ھەیانە".
پارتی و یه‌كێتی دوور له چاوی كامێرا چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامداوه، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پارتیش رایوایە، هه‌ردوولا رێكه‌وتووین، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان بایكۆتی هاوپه‌یمانی كوردستانی بكه‌ن، ئه‌وا یه‌كێتی و پارتی ده‌ستی یه‌كتر به‌رناده‌ن.
بڵند ئیسماعیل، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "پێویستە ئێستا پارتی و یەكێتی دیدگایان ھاوبەش بێت، لەسەر زۆر شت لە یەكتر نزیكین و دەتوانین ھاوھەڵوێست بین، لەم ماوەیەشدا پەیوەندییمان ھەبووە و كۆبوونەوەش كراوە و راوبۆچوونەكان لەنێوان ھەردوولادا ئاڵوگۆڕ كراون، پێمان وایە ئەنجامی باشی دەبێت".
گوتیشی: "بەرگری كردن لە مافەكانی گەلی كورد لەسەر چەند لایەنێك جێناھێڵین، بەڵام ئەگەر ھەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوەبن باشترە".
ھ.م