داوا دەكرێت دوو ھەڵبژاردنی كوردستان لە یەك رۆژدا ئەنجامبدرێن
"تا كۆبوونەوە نەكرێت ناتوانین بە فەرمی وەڵام بدەینەوە"
K24 - ھەولێر
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان کردووە، بۆ ئەوهی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێریش ئاشكرای دهكات، شەش مانگ زیاترە داوای ھەڵبژاردنیان کردووە.
لە نامەکەی حکوومەتی ھەرێم کە بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی ناردووە، داوا دەکات، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان لە یەك رۆژدا، ئەنجامبدرێن، چەند رۆژێکە نامەکە لە کۆمسیۆنە و حکوومەتیش چاوەرێی وەڵامە، بەرپرسانی کۆمسیۆنیش دەڵێن، تا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کۆمسیاران، ئەنجامنەدرێت ناتوانین بە فەرمی وەڵامی ھیچ نامەیەك و داواکاریەك بدەینەوە.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 رایگەیاند: "تائێستا بە فەرمی داوامان لێنەكراوە كە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەین".
لەبارەی پرسیارێكی ئاراز ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24، كە ئایا كۆمسیۆن لە توانایدایە ھەردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستان لە یەك رۆژدا ئەنجامبدات؟ شێروان زرار گوتی: "دەبێ ئەنجوومەنی كۆمسیاران ئەو بڕیارە بدات، ئەوكاتەی بە فەرمی ئەو داوایەمان لێكرا وەڵام دەدەینەوە".
ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێم لە 24/6/2018، چوار ساڵی ئەم خولەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تەواو دەبێت و کارەکانیان بەکۆتا دێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێریش لە کۆتایی ساڵی 2017 بە نووسراوێك داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، پێش چەند رۆژێکیش ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك، ھەمان داواکاری ھەبووە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش لەو بارەیەوە، بێ دەنگە.
عەلی رەشید خۆشناو، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت: "ھەردوو ھەڵبژاردن لە یەك كاتدا بكرێت رەنگە ئاسانتر بێت، چونكە ئەو ھاووڵاتییەی دەچێتە سەرسندووق بۆ ھەردووكیان دەنگ دەدات، ستافی كۆمسێۆنیش ھەر ھەمان ستاف دەبێت".
ھ.م