لە گەرمیان ھێرشێكی داعش تێكشكێندرا

گولـلە ھاوەنیان ئاراستەی چەند گوندێك كردووە

K24 - گەرمیان

چەكدارانی داعش ھێرشێكی بەرفراوانیان كردەسەر گوندەكانی ناحییەی جەبارە و لەلایەن خۆبەخشەكانی ناوچەكە توانرا شكست بەو ھێرشەی داعش بھێندرێت.

ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "لە كاتژمێر 1ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش ھێرشێكی بەرفراوانیان بۆسەر ھەردوو گوندی ئاشتۆكان و گلابات، لە سنووری ناحییەی جەبارە ئەنجامداو چەند گولـلە ھاوەنێكیان ئاراستەی ئەو دوو گوندە كردووە".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرمان: "ئەو دوو گوندە ھاوسنوورن لەگەڵ شارۆچكەی كفری و كوردنشینن، خەڵكی ئەو دوو گوندە بە ھاوكاری خەڵكی خۆبەخشی ناوچەكە، تواندراوە ھێرشەكە تێكبشكێنن".

پەیامنێری كوردستان24 راشیگەیاند: "لەو ھێرشەدا كەسێك بەناوی رائید محەمەد حەمید شەهیدکرا، كە پۆلیسی خانەنشین بوو، كەسێكی دیكە بەناوی لوقمان، بەسەختی برینداربووە".

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "لە چەند رۆژی رابردوودا خەڵكی ئەو گوندە چوار چەكداری داعشیان دەستگیركردووە، ئەو ھێرشەی داعشیش لە تۆڵەی دەستگیركردنی چەكدارەكانیان بووە، چونكە پێشتر ھەڕەشەی ئەوەیان لە خەڵكی گوندەكە كردبوو ئەگەر چەكدارەكان ئازاد نەكەن ھێرشتان دەكەینەسەر".

ناحیەی جەبارە، سەر بە پارێزگای دیالەیە و لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری2017وە لەدەست ھێزەكانی عێراقدایە، بەڵام لەو كاتەوە چەندین جار داعش ھێرشی ئەنجامداون و نەتواندراوە ئەمنییەتی ناحیەكە بە تەواوی بپارێزرێت.

ھ.م

 رائید محەمەد حەمید، لە ھێرشەكەی شەوی رابردووی داعش بۆسەر گوندەكانی جەبارە شەھید بوو
رائید محەمەد حەمید، لە ھێرشەكەی شەوی رابردووی داعش بۆسەر گوندەكانی جەبارە شەھید بوو
لوقمان ھاووڵاتییەكی دانیشتووی ناوچەكەی و لە ھێرشەكەدا برینداربوو
لوقمان ھاووڵاتییەكی دانیشتووی ناوچەكەی و لە ھێرشەكەدا برینداربوو