پێشمه‌رگه‌ پشتی عێراق ده‌كاته‌ ئه‌برامز و رووی بۆ T-90 ده‌سوڕێنێ

"چەکی ئەمریکی دژی کورد لە کەرکوک بەکارهاتووە و پێشمه‌رگه‌ تانكی ئه‌برامزی شكاند"

K24 - هه‌ولێر:

حکوومەتی عێراق تانکی جۆری ئەبرامزی ئەمریکی فەرامۆش دەکات و رودەکاتە تانکی تی 90ـی رووسی، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا نارەزایی له‌ دژی بەکارهێنانی تانكی ئەبرامز لە لایەن حه‌شدی شەعبیەوە ده‌ربڕی.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە رێگای ماڵپەڕەکەی رۆژی هەینی(08/06/2018) بڵاویکردەوە: " فیرقەی 9 تانکی تی 90 وەرگرتووە. ئەبرامزەکانی لیوای 35، دراوە بە لیوای 34".

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری زە درایڤ: "عێراق گرێبەستی کڕینی 73 تانکی تی 90 و ئێس کەی واژۆكردووه‌ و رووسیاش ئەوە بەکاردێنێت بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆی لەو وڵاتەدا".

زە درایڤ ئاشکراشی کردووە، "حکوومەتی ئەمریکا بەوەی زانیووە، 9 تانکی جۆری ئەبرامز ئێم 1، لە لایەن میلیشیاکانی ئێران دژی کوردەکان بەکارهاتوون لە کەرکوک و هەندێکیشیان لە لایەن کوردەکانەوە تەقێندراونەتەوە".

ئێریک پاهۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لەو بارەیەوە بە میلیتەری تایمزی گووت: " ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە چەند چەک و تانکی ئەمریکی، بە ئەبرامز ئێم 1 ەوە، گەشتۆتە دەست هێزەکانی حه‌شدی شه‌عبی".

ئێریك گووتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە فشار خستنە سەر حکوومەتی عێراق".

لەژێر دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیراندا، حکوومەتی عێراق هێلیکۆپتەری ئێم ئای 28 ئێ ئی هاڤۆک ( رواچی شەوان)، فرۆکەی 25 فرۆگفوت، مووشەکی بەرگریی ئاسمانی جۆری پانتسیر- ئێسی تەنها لە رووسیا کڕیوە و ئێستاش بە دوای سیستمی بەرگری ئێس-400ـوه‌یه‌. ئەمەش جیا لەو چەکە پێشکەوتوانەی عێراق لە چین و چیک  و کۆریای باشوور و بەشێوەیەکی بەرفراونیش لە ئەمریکای کڕیوە.

 هەندێک لەم جۆرە چەکانە دژی کورد لە داگیرکردنی کەرکوک بەکارهاتوون، لەکاتێکدا بەهۆی رێکەوتنی بەشێک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هێزە عێراقیەکان بەبێ شەڕ هاتنە ناو کەرکوک و دەوروبەری و پاشان له‌ شاره‌دێی پردێوه‌ هه‌وڵی پێشڕه‌وییاندا و هێزی پێشمه‌رگه‌ هێرشه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقیان شكاند و تانكی ئه‌برامزیشیان تێكشكاندبوو.