ترەمپ لەگەڵ هاورێ نزیکەکەشی کردیە شەڕ
"زۆر ناڕاستگۆ و بێ هێزی"

K24 - ههولێر:
لە دیداری لووتکەی جیهانی جی 7 کە رۆژی هەینی 8ی حوزهیران دەستی پێکرد و رۆژی دواتر کۆتایی پێهات، سەرۆکانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا کۆبوونەوە، بەڵام گرژی کەوتە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، و جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنهدا.
بە گوێرەی هەواڵێکی (RT) رووسی، ترودۆ لە دوای تەواوبوونی دیدارەکە، هێرشی کردووهتە سەر زیادکردنی باج لە لایەن ترەمپەوە و بە "سووکایەتی دژی کەنەدا" ناویبردووە، ترەمپیش لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سەرۆک وەزیرانی کەنەدای بە "زۆر ناڕاستگۆ و بێهێز" وەسفکرد.
دۆنالد ترەمپ بە بیانووی نایەکسانی لە سیستەمی باجی کەلوپەلی هاوردەکراو بۆ ئەمریکا، باجی لەسەر چەند کاڵا و بەرهەمێکی ئەوروپا و کەنەدا زیاد کرد، ئەوروپا و کەنەداش لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو پلانە، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.
گرژی نێوان ئەم دوو هاوپەیمانە لە کاتێکدایە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە بارەی جەنگی باج لە نێوان ئەوروپا و ئەمهریکا نووسیویەتی: "بیروڕا گۆڕینەوەمان لە دیدارەکە، هەلی ئەوەی ئاسانکردووە کە راستی بۆ بازرگانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا بگەڕێتەوە".
دوای هێرشکردنە سەر ترودۆ، ترەمپ وێنەی خۆی و سەرۆکانی جی 7 لە کەڤەری تویتەرەکەی گۆڕی و کردیە وێنەیەکی خۆی لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی ئەمریکی.
هـ. ج