سه‌رۆك بارزانی پشتگیریی له‌ هاوكاریی نێوان زانكۆكانی كوردستان و عه‌ره‌بییه‌كان ده‌كات

"زانكۆكانی كوردستان له‌ گەشەی بەردەوامدان و ستانداردەكانی نێودەوڵەتیی خوێندنیان بەدەستهێناوە"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، له‌ میانی پێشوازیكردنی پرۆفیسۆر سوڵتان ئه‌بو عورابی ئه‌لعدوان، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی و دكتۆر ئه‌حمه‌د دزه‌یی، سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، پشتیوانی خۆی بۆ هەموو جۆرە پەیوەندی و هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان زانكۆكانی كوردستان و زانكۆكانی عەرەبی نیشان دا.

لە دیدارەكەدا  ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ رەخساندنی دیدارەكە و ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی تیرۆر و سەقامگیری و هاوكێشەكانی ناوچەكە.

ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی, پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانیشی لە سەرۆك بارزانی كرد لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق, كه‌ له‌ 12ی ئایاری رابردوو ئه‌نجامدرا.

ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی لە درێژەی وتەكانیدا پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان هەبوو كە لە گەشەی بەردەوامدان و ستانداردەكانی نێودەوڵەتیی خوێندنیان بە باشی بەدەستهێناوە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی كرد و دەستخۆشیی لە ڕۆڵی ئەو ئەمیندارێتییە كرد لە چالاكی و كارەكانیاندا و پشتیوانیی خۆیشی بۆ هەموو جۆرە پەیوەندی و هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان زانكۆكانی كوردستان و زانكۆكانی عەرەبی نیشان دا.

بارودۆخی سیاسیی و دوا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و عێراق تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو.

Fly Erbil Advertisment