دامه‌زراندنی بۆڵتن سه‌رۆكی چڵ ساڵ پێش ئێستای ئه‌مه‌ریكای هێنایه ده‌نگ
جۆن بۆڵتن به كۆمارییه تونده‌كه و دامه‌زراندنیشی به هه‌ڵه گه‌وره‌كه وه‌سف ده‌كات
.jpg)
K24 - هه‌ولێر:
جيمى كارته‌ر، سەرۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا، كه ئێستا ته‌مه‌نی 93 ساڵه، له باره‌ی دامه‌زراندنی جۆن بۆڵتن، به راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، یه‌كێكه له "خراپترین هه‌ڵه‌كانی"ی دۆناڵد تره‌مپ.
جیمی كارته‌ر، له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ وێبسایتی "USA Today" گوتی: "دامه‌زراندنی بۆڵتن له‌و پۆسته‌دا، كاره‌ساته بۆ وڵات" و رایگه‌یاند، له‌وانه‌یه یه‌كێك بێت له خراپترین هه‌ڵه‌كان، كه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌ته‌ی ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه كردوویه‌تی.
به گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم، جۆن بۆڵتۆن، كه بڕیاره له 9ی نیسانی داهاتوو، به فه‌رمی له پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌كاربێت، ساڵانێكی پاڵپشتی ئه‌و بۆچوونه‌ی كردووه كه ده‌بێت شه‌ڕ له دژی كۆریای باكوور ده‌ستپێبكرێت، به توندی دژی ئێران ده‌وه‌ستێته‌وه و یه‌كێك بووه له‌وانه‌ی پاڵپشتی شه‌ڕی عێراقیشی كردووه.

له‌وه‌ته‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپ، له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له 20ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، سێیه‌مجاره گۆڕانكاری له‌و پۆسته ده‌كات، به‌ڵام بژاره‌ی سێیه‌می تره‌مپ، كۆمارییه‌كی تونده و پێده‌چێت گۆڕنكاری ریشه‌یی له هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكادا بكات، به‌تایبه‌تیش له به‌رامبه‌ر ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
جیمی كارته‌ر، 39یه‌مین ئه‌مه‌ریكایه و ماوه‌ی ساڵانی 1977 تا 1981 یه‌ك خوول سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بووه.
ا. م