تره‌مپ "زۆر به كیم سه‌رسام" بووه و ژماره‌ی تایبه‌تی خۆیشی پێداوه
تره‌مپ باسی قسه‌یه‌كی ئۆباما ده‌كات له باره‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی پیۆنگ یانگ

K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌شێكی گه‌وره‌ی" كێشه‌ی ئه‌تۆمی كۆریای باكوور چاره‌سه‌ركراوه و ژماره‌ی خۆیشی به كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكی كۆریای باكوور داوه.
تره‌مپ دووپاتی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه، فه‌رمانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازی ده‌ركردووه كه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كۆریای باشوور ئه‌نجام ده‌درا و كۆریای باكووری نیگه‌ران كردبوو.
به گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا، پێده‌چێت ئێستا تره‌مپ و كیم، به تایبه‌تیش دوای كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی نێوانییان له 12ی حوزه‌یران/ یۆنیۆ له وڵاتی سه‌نگاپووره، په‌یوه‌ندی نێوانییان "زۆر باش" بووبێت و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان هه‌بێت.
وێبسایتی "العربی پۆست"یش بڵاویكردووه‌ته‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆرێك له چاودێران گومانییان له ئه‌نجامی لووتكه‌ی سه‌نگاپووره هه‌یه، هاوكات بڕیاره تاكلایه‌نه‌كه‌ی تره‌مپ، بۆ راگرتنی مه‌شق و راهێنانه هاوبه‌شه‌كان له‌گه‌ڵ كۆریای باشوور، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا تا ده‌گات به به‌رپرسانی سه‌ربازی سیۆلیشی شۆك كردووه.
تره‌مپ له باخچه‌ی كۆشكی سپی، به رۆژنامه‌وانانی راگه‌یاندووه، به‌ر له‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا وه‌ربگرێت، باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشوو پێیگوتووه، "مه‌ترسیدارترین كێشه" بۆ ئه‌مه‌ریكا، به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی كۆریای باكووره، تره‌مپ گوتیشی: "ئێستا به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و كێشه مه‌ترسیداره‌م چاره‌سه‌ر كرد".
تره‌مپ له سه‌ردانێكی له ناكاو، بۆ لای تیمێكی ته‌له‌ڤزیۆنی، كه ئاماده‌كارییان بۆ به‌رنامه‌یه‌ك ده‌كرد له ناو باخچه‌ی كۆشكی سپی، گوتوویه‌تی: "به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نوێمان واژۆكرد، به‌ڵام له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵی (كیم) زۆر باشه، ئه‌وه شتێكی زۆر گرنگه كه ئێستا ده‌توانم په‌یوه‌ندی پێوه بكه‌م، چونكه ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی تایبه‌تی خۆمم پێداوه، ئه‌ویش ئێستا ده‌توانێت به‌بێ هیچ زه‌حمه‌تییه‌ك په‌یوه‌ندیم پێوه بكات".
ا. م