تەقینەوەیەك لە خانەقین ژن و پیاوێكی كوشت
لە خانەقین تەقینەوەیەك روویدا
K24 - گەرمیان
ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "لەئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لە گوندی مەردانی سەر بە خانەقین ژن و پیاوێك كە ھاوژینی یەكتربوون گیانیان لەدەستدا و سێ منداڵیشیان بریندارن یەكێك لە بریندارەكان باری تەندورستی ناجێگیرە".
سەرچاوەیەکی ئاسایشی خانەقین كە نەیویست ناوی بنووسرێت، بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەندامانی ئەو خێزانەی کە بوونەتە قوربانی ویستویانە بچنەوە گوندەکەیان، چونکە خانووی نوێیان دروستکردووە، لەوکاتەدا بۆمبێكی چێندراویان پێدا تەقیوەتەوە و بووەتە ھۆی گیان لەدەستدانی ژن و پیاوەکە و برینداربوونی منداڵەكانیان".
ئەمە لەكاتێكدایە لە 7 رۆژی رابردوودا ئەمە پێنجەمین بۆمبە لە سنووری خانەقین دەتەقێتەوە، دانیشتووانی ناوچەكەش ھۆکاری زۆر بوونی تەقینەوەکان و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی بۆئەوە دەگەڕێنەوە كە دوای 16 ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ھێزی پێشمەرگە لەناوچەكە نەماوە و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ناتوانن ئەمنییەتی ناوچەكە بپارێزن.
ھ.م
