وڵاتانی رۆژئاوا چاویان له‌ كه‌وتنی ئه‌ردۆغانه‌

ئه‌ردۆغان ده‌ترسێ

K24 - هه‌ولێر:

لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و لەنێو ئاپۆڕای لایەنگرانی لە مەیدانی یەنیکاپی لە ئیستەنبول، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پەیامێکی ئاراستەی ئەوروپا و ئەمەریکا کرد.

بەگوێرەی رۆژنامەی حوریەتی تورکی، ئەردۆغان بە لاینگەرانی گوتووە: "وڵاتانی رۆژئاوا چاویان لە هەڵبژاردنەکانی 24ـی حوزەیرانە، ئەوان چاوەڕێی چی دەکەن؟ ئەوان دەیانەوێت ببینن کە چۆن ئەردۆغان دەکەوێت. ئێوە ئامادەن وانەیەک فێری رۆژئاوا بکەن؟".

ئەردۆغان گووتیشی: "ئێوە هەمیشە وانەتان داوە بەوان. من بڕوام پێتانە و ئێوە وانەیەکی دیکە فێری رۆژئاوا دەکەن".

بەگوێرەی داتاکانی رۆژنامەی حوریەت، هەندێک لە خەڵکی تورکیا تووڕەن لە سیاسەتی رۆژئاوا بەرامبەر بە تورکیا، ئەردۆغانیش ئەوە بەکاردەهێنێت تاکو خۆی وەک پارێزەری تورکەکان نیشان بدات. ئەمەش سوودی دەبێت بۆ بە دەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی 24ـی حوزەیراندا.

پەیوەندی ئەردۆغان لەگەڵ رۆژئاوا بەهۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادی لە تورکیا و نزیکبوونەوەی ئەنقەرە لە رووسیا خراپبووە، ئەمەش وایکردووە پارتەکەی ئەردۆغان رێگری لێبکرێت لە هه‌ندێك ناوچه‌ و شاری شاری وڵاتانی ئەوروپا بانگەشە بکات.

Fly Erbil Advertisment