پەکەکە داوای پشتگیریكردنی ھەدەپە دەكات

"چۆن پشتگیری لە دەمیرتاش دەكەن بە ھەمانشێوە پشتگیری لە ھەدەپە بكەن"

K24 - ھەولێر

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) داوا لە پارتەکانی باکووری کوردستان دەکات پشتگیری لە هەدەپە بکەن.

قەرەیلان، بە ئاژانسی فوراتی نزیك  لە حزبەكەی راگەیاندووە: "ئێمە لەگەڵ ئەوەدا بووین هەدەپە لەگەڵ پارتەکانی باکووری کوردستان بۆ هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی پێکبهێنن، بەڵام بەهۆی کشانەوەی هەریەك لە پارتەکانی پاك، پەسەکە، پەدەکە- تورکیا، پەدەکە و حەرەکەتی ئازادی هاوپەیانێتیەکە دروست نەبوو".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو پارتانە لەگەڵ ئەوەی پشتگیری خۆیان بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی راگەیاندووە، بەڵام پێویستە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش پشتگیری لە هەدەپە بکەن".

موراد قەرەیلان رەخنەشی لە کاندیدانی سەربەخۆی هەریەك لە پارتەکانی هاکپار و هودار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا گرتووە و دەڵێت: "کاندیدانی ئەو پارتانە خزمەت بە ئاکەپە دەکەن".

بڕیارە ھەفتەی داھاتوو 24 حوزەیران، ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا بەڕێوەبچێت، سەڵاحەدین دەمیرتاش، كە بە تۆمەتی ھاوكاریكردنی پەكەكە لە 4/11/2018 دەستگیركراوە كاندیدی ھەدەپەیە بۆ سەرۆكایەتی توركیا.

ھ.م