هه‌سه‌ده باری نائاسایی راده‌گه‌یێنێ
"ژماره‌یه‌ك تیرۆریست ده‌یانه‌وێ دزه بكه‌نه ناو ره‌ققه‌وه"

K24 - هه‌ولێر:
ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی باری نائاساییان بۆ ماوه‌ی 48 كاتژمێر له شاری ره‌ققه‌ی مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی پێشووی چه‌كدارانی داعش راگه‌یاند. هۆكاری ئه‌و بڕیاره‌ش ئه‌گه‌ری ھێرشی چه‌كدارانی داعشه بۆ سه‌ر مۆڵگه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی جارانیان.
هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه پاڵپشتی ده‌كرێن، دوای چوار مانگ شه‌ڕی قورس توانییان له مانگی 11ـی ساڵی رابردوو ره‌ققه له چه‌كداره توندڕه‌وه‌كان پاكبكه‌نه‌وه.
هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆی ره‌ققه له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له‌سه‌ر پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی هه‌سه‌ده بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێن: "زانیارییمان ده‌ستكه‌وتووه ژماره‌یه‌ك تیرۆریست كه له به‌رژه‌وه‌ندی داعش كار ده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێت خۆیان بخزێننه ناو شاری ره‌ققه‌وه‌و هێرش ئه‌نجام بده‌ن و ئاسایش و سه‌قامگیریی بشیوێنن".
له پاش كۆنترۆڵكردنی پایته‌ختی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه، چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه چه‌ند جارێك له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه ھێرشیان ئه‌نجامداوه و دواین كرده‌وه‌شیان پێش چه‌ند رۆژێك بوو و بۆمبی چێنراویان بۆ دوو ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی له ناوچه‌ی توركمان له باكووری رۆژهه‌ڵاتی ره‌ققه دانابوویه‌وه.