ماوه‌ی 9 كاتژمێره 200 گه‌شتیار له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر گیریان خواردووه
فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر وه‌كو "كامپی ئاواره‌كانی" لێهاتووه
K24 - هه‌ولێر:
ماوه‌ی 9 كاتژمێر ده‌بێت، نزیكه‌ی 200 گه‌شتیار، له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، به هۆی نه‌بوونی فڕۆكه‌وه گیریان خواردووه.
عه‌لی ره‌شید، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، كه یه‌كێكه له گه‌شتیاره‌كان، تایبه‌ت بۆ وێبسایتی كوردستان 24 رایگه‌یاند، بڕیاربوو فڕۆكه‌كه‌یان كاتژمێر 1ی دوای نیوه‌ڕۆ به‌ره‌و توركیا به‌ڕێ بكه‌وێت، كه تایبه‌ته به هێڵی ئاسمانی ئه‌تڵه‌س جێت، به‌ڵام به‌هۆی بوونی گرفتی ته‌كنیكی له‌سه‌ر فڕگه گه‌ڕایه‌وه.
راشیگه‌یاند، دواتر سه‌رجه‌م گه‌شتیاران، كه منداڵ و پیر و نه‌خۆشیشیان تێدایه، هاتنه خواره‌وه، دوای كه‌مێكیتر جارێكی دیكه سواری فڕۆكه‌كه بوونه‌ته‌وه، دیسانیش به هه‌مان شێوه گرفته ته‌كنیكییه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و ناچاربوونه بێنه‌وه خواره‌وه.
.jpg)
عه‌لی ره‌شید ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له رووی ئیدارییه‌وه كه‌س نه‌بووه وه‌ڵامیشیان بداته‌وه و په‌یوه‌ندیشی به ته‌لار فایه‌ق، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌كه كردووه، پێیگوتووه فڕۆكه‌كه كارناكات و ئه‌وان نازانن چیان له‌ده‌سته تا بیكه‌ن.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، به نیگه‌رانییه‌وه ده‌ڵێت، "من سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێرم كه‌س نییه وه‌ڵامم بداته‌وه، ئه‌ی چۆن وه‌ڵامی ئه‌و خه‌ڵكه ئاساییه ده‌ده‌نه‌وه؟".
عه‌لی ره‌شید روونیشی كرده‌وه، ئێستا فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، هاوشێوه‌ی كامپی ئاواره‌كانی لێهاتووه و گه‌شتیاران گیرییان خواردووه، نه ده‌توانن بچنه ده‌ره‌وه، نه فڕۆكه‌ش هه‌یه گه‌شتی پێ بكه‌ن، بۆیه ئه‌وه‌ی له‌وێیه وه‌ك ئاواره‌كان له ناو هۆڵ و سه‌ر شۆسته‌كان نان ده‌خۆن.
.jpg)
راشیگه‌یاند، كارمه‌نده ئیدارییه‌كان كه‌سییان له‌وێ نین تا وه‌ڵامێكیان بده‌نه‌وه، ئه‌وانه‌ی له‌وێن ته‌نها كارمه‌ندانی ئاسایشن، ئه‌وانیش په‌یوه‌ندیدار نین به دواكه‌وتنی فڕۆكه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گه‌شته‌كه‌شیان دواكه‌وتووه و فڕۆكه‌ش نییه، به‌ڵام جانتاكانیشیان نادانه‌وه.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر راشیگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، تایبه‌ت ده‌كه‌ن به فڕۆكه‌خانه و له كه‌موكوڕییه ئیدارییه‌كان ده‌كۆڵنه‌وه.
ا. م