لە كەركووك داعش هێرشی کردە سەر ھێزەكانی عێراق

كوژراو و بریندار ھەن

K24 - كەركووك

پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە گوندی ربێزاتی سەر بە شارۆچکەی داقووق لە باشووری کەرکووك، هێرشیان کردە سەر پۆلیسی فیدراڵی عێراق".

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی ناوچەكە، كە بەھۆی دۆخی ئەمنی نەیویست ناوی بنووسرێت بە پەیامنێری كوردستان24 راگەیاند: "هێرشەکە كاتژمێر7 بەیانی ئەنجامدراوەو بە چەکی بیکەسی تەقە لە خاڵێکی پۆلیسی فیدراڵی کراوە لەسنوورەکە".

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان: " لەو هێرشەدا، پۆلیسێكی فیداڵی کوژراوەو ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوونە، دوای ھێرشەكە چەكدارانی داعش لەناوچەكە دیار نەماون".

هەرچەندە هێشتا داعش بە فەرمی بەرپرسیاریەتی خۆی لەو ھێرشە رانەگەیاندووە، بەڵام بەگوتەی خەڵکی ناوچەکە "ئەو چەکدارانە سەر بەداعش بوونە ، چونکە ئاڵای ئەو رێکخراوەیان پێی بووە".

لەلایەكی دیكە ھەرێم جاف پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی عێراق، لەناوچەی داودە لە نزیك گوندی لەك، بۆمبێك بەھێزەكانی عێراقدا تەقیوەتەوە، بەوھۆیەوە 7 سەرباز برینداربوون".

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێرمان لە گەرمیان: "لەکاتژمێر 5ی بەیانی ئەمڕۆوە ھێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدارڵی ئۆپەراسیۆنێكیان لەسنووری دووز خورماتو و دەوروبەری داقووق دژی چەكدارانی داعش دەستپێكردووە".

ھ.م