وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەی مامۆستایان روونكردنەوە دەدات
"مانگی داھاتوو گۆڕانكاری لە خشتەی دابەشكردنی مووچە دەكرێت"
K24 - ھەولێر
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی ریزبەندی لە خشتەی دابەشكردنی مووچە و نیگەرانی مامۆستایان لەسەر خشتەكە، رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجوومەنی وەزیران باسی ئەو بابەتە كراوە و لە مانگی داھاتوودا گۆڕانكاری لە خشتەكە دەكرێت و وەزارەتی پەروەردە لە خشتەی دابەشكردنی مووچە دووەم وەزارەت دەبێت.
وەك لە روونكردنەوەكە ھاتووە: "لە کۆبونەوەی ژمارە 48ی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران (چوار شەممە 4/7/2018) وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە نیگەرانی مامۆستایان کرد لەسەر ریزبەندی مووچە، سەرۆک وەزیران تاکیدی کردەوە، کە پابەندبین بە پێدانی مووچە لە 30 رۆژ جارێکدا".
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكە ئەوەخراوەتەروو: "وەزارەتی دارایی و ئابووری لە بەردەوام بوونی داھاتی پێویستی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت بۆ ھەرێم، ئەوا مووچە بەپێی سیستمی نوێ و 30 رۆژ جارێك دابەشدەکرێت".
وەزارەتی دارایی ئاشكرای دەكات: "سەرەڕای ھەوڵی زۆری وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە لە لیستی یەکەمی مووچەبێت، بەڵام نەتوانرا و لێرەشەوە رایدەگەینین، کە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی داھاتوو لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم، کە وەزارەتی پێشمەرگە یەکەم وەزارەت بێت لە پێدانی مووچە، ئەوا وەزارەتی پەروەردە دووەم وەزارەت دەبێت لە لیستی یەکەم".
ھ.م