ئامار.. له ههر كاتژمێرێكدا سهربازێكى ئهمهريكى خۆى دهكوژێت
زۆربهى ئهوانی كۆتایی به ژیانی خۆیان دههێنن ئهوانهن بهشدارى شهڕى عێراق و ئهفغانستانيان كردووه

K24 – ههولێر:
رەنگە خەڵکانێکی زۆر کوژرانی عێراقی و ئەفغانییەکانی بە گوللـەی سەربازانی ئەمەریکی دیبێت. سەربازانێک کە بە جۆرێک رەق و پتەو دیارن، بیرت بۆ ئەوە ناچێت، ئەم جەنگاوەرانەی ئەمەریکا لەگەڵ کارەساتەکانی جەنگ، شتێکیش لەناخیاندا دەمرێت و زیندوو نابێتەوە.
نووسینگەی کاروباری جەنگاوەرانی گەڕاوەی جەنگ لە ئەمەریکا، لە ساڵی 2013، ئاماری خۆ کووشتنی سەربازانی ئەمەریکی کە لە جەنگ گەڕاونەتەوە لە نێوان ساڵانی 1999- 2010 ئاشکرا کرد.
بە گوێرەی ئەو ئامارە، هەر 65 خوولەکێک، سەربازێکی ئەمەریکی خۆی کوشتووە.
تاکو ئەمڕۆش گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بە سەر رێژەی خۆکوشتن لە ريزى سەربازانی ئەمەریکی بەرچاو ناکەوێت.
بە گوتەی هەندێک لەو سەربازانە، حکوومەتی ئەمەریکا چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی بە هەند وەرنەگرتووە.
ڤینس ئیمانیۆل، سەربازی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق، لەو بارەیە بە كهناڵى (ئاڕ تی)ى رووسياى راگهياندووه، "برینی دەروونی هۆکاری راستەقینەی خۆکوژی سەربازانی پێشووی جەنگی ئەمەریکان، بە تایبەت کاتێک دەزانن خەڵکانێکی زۆر بە بێ گوناه مردوون".
سەبارەت بە چارەسەری ئەو کێشەیە ئیمانیۆل، گلەيی لە حکوومەتی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت: "حکوومەت بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە تەواوی جیهاندا، ئەگەر حکوومەت بەراستی بیەوێت رێگری لە خۆکوشتنی ئەو سەربازانە بکات، ئەوا دەبێت چیدی سەربازی خانەنشینکراوی جەنگ بەرهەم نەهێنێت و ئۆپەراسیۆنەکان بوەستێنێت".
لەڕاپۆرتێکی مەیدانی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئیساک لێبۆنتێ، ملازمی سوپای ئەمەریکا، باس لە رۆژانی جەنگی لە عێراق دەکات و دەڵێت: "لەکاتی جەنگ کارەساتمان زۆر دەبينى. رۆژێک لە شەقامێک، دوو چەکدار هێرشیان بۆکردین، یەکێکیان کڵاشینکۆف و ئەوی دیکەیان (RBG) پێ بوو، کاتێک لە لایەن مووشەکێکی ئێمە کرانە ئامانج، من دەست و قاچی پەڕیوی ئەوانم لە ئاسمان دەدیت".
ئیساک لە بارەی ژیانی دوای گەڕانەوە بۆ ئەمەریکا دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی چەندین رووداوی خوێناوی لە عێراق دیوە، ئێستا لە رووی دەروونی ناتوانێت وەک کەسێکی ئاسایی بژیت، بیربکاتەوە و هەستبکات".
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سوپای ئەمەریکا 4 هەزار و 424 سەربازی لە ماوەی جەنگی عێراق لەدەستداوە. 31 هەزار و 952 دیکەشی برینداربوون.
لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی پێگەی ئەلیکترۆنی (ئەی بی سی)، لە دوای تەقاندنەوەی دوو تاوەری بازرگانی نیویۆرک لە ساڵی 2001، زیاد لە دوو ملیۆن و 300 هەزار سەربازی ئەمەریکا رەوانەی ئەفغانستان و عێراق کران. لە کۆی ئەو ژمارەیەش، تەنها لە ساڵی 2009، دوو هەزار سەرباز خۆیان کووشتوە.
ئهو ئامارانه، تەنيا ئەو سەربازانە دەگرێتەوە کە سەردانی سەنتەری دەروونیان کردووە و دواتر خۆیان کووشتوە.
ئێستا رێژەیەکی بەرچاو لە سەربازانی ئەمەریکا کە بەشداری جەنگی عێراق و ئەفغانستانیان کردووە، دووچاری کێشەی دەروونی بوون، زۆرجاریش ئەو کێشە دەروونییە بە خۆکوشتن کۆتای دێت، ئەمەش ئەمەریکای کردووهتە تاکە وڵات کە بەو رێژە زۆره سەربازانی خۆیان بکوژن.
هـ.ج