نامه‌ دڵهه‌ژێنه‌كانی "منداڵانی ئه‌شكه‌وت" گه‌یشته‌وه‌ دایك و باوكیان

"رۆژی لە دایکبوونەکەمتان بیرنەچێت"

K24 - هه‌ولێر:

ماوەی دوو هەفتەیە  وڵاتە جیاوازەکان سەرقاڵی هەوڵی رزگاکردنی ئەو 12 منداڵە تایلەندییەن کە لەگەڵ راهێنەرەکەیان لە ناو ئەشکەوتێکێدا بەهۆی زۆری باران و کۆبوونەوەی ئاوێکی زۆر گیریان خواردووە و ناتوانن بێنە دەرەوە. تاکو ئێستا هەوڵی تیمەکانی دەریاوانی شکستیان هێناوە و لە نوێترین هەوڵیشیاندا، ئەندامێکی دەریاوانی بەهۆی نەمانی ئۆکسجین لە ناو ئەشکەوتەکە خنکا.

ناوبەناو دەریاوانەکان سەردانی ئەو منداڵانە دەکەن تاکو خواردن و ئۆکسجینی پێویستیان بۆ دابین بکەن، بۆ یەکەم جاریش، ئەو منداڵانە لە رێگای ئەو دەریاوانانە چەند نامەیەک بۆ خێزانەکانیان دەنێرن و تۆڕی میدیای سی ئێن ئێن بڵاویاندەکاتەوە. زۆرێک لەو نامانە گوازرشت لە تەمەنی کەمی منداڵەکان دەکات كه‌ (11 بۆ 16 ساڵ).

نامەی توم:

دایکە، باوکە،

نیگەران مەبن، من باشم، تکایە بە یۆدی برام بڵێن ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی بچین مریشکی سوورکراوه‌ بخۆین. خۆشمدەوێن

نامەی پۆنگ:

دایکە. باوکە، خۆشمدەوێن. من لێرە سەلامەتم، نیگەران مەبن. خۆشەویستیم بۆ هەمووان هەیە.

نامەی نیک:

دایکه‌، باوکە، نیک هەردووکتانی زۆر خۆشدەوێت، خوشک و براکانیشم خۆشدەوێت. کە هاتمە دەرەوە، دایکە، باوکە، بمبەن بۆ خواردنی مو کاتا( تێکەڵێکی گۆشتی کوڵاو). نیک، دایک و باوک و خوشکو براکانی خۆشدەوێت.

نامەی نوم:

من باشم. کەشوهەواکە زۆر ساردە، بەڵام نیگەران مەبن. رۆژی لە دایکبوونەکەمتان بیرنەچێت. خۆی 3ـی تەمووز بوو.

ئادول:

ئێستا، چیدی نیگەرانی ئێمە مەبن. من بیری هەمووان دەکەم. من بەراستی دەمەوێت بگەڕێمەوە ماڵەوە.

نایت:

نایت دایک و باوکی خۆشدەوێت. نیگەرانی نایت مەبن. نایت هەمووانی خۆشدەوێت.

تلی:

تلی بیری دایک و باوکی دەکات. زۆر بیری وبوابیش دەکەم. دایە، بابە زۆرم خۆشدەوێن. خەمی منتان نەبێت، من ئاگام لە خۆم دەبێت.

نۆت:

من باشم، نیگەران مەبن. دایکە، باوکە، ئێوە و هەمووانم خۆشدەوێت.

بیو:

دایە، بابە، نیگەران مەبن. بیو تەنها دوو هەفتە دیارنەماوە. من دەگەڕێمەوە و یارمەتی دایکم دەدەم لە فرۆشتنی شتەکانی هەرکاتێک کاتی بەتاڵم هەبوو. من بە خێرایی دەگەڕێمەوە.

تی:

نیگەران مەبن. من دڵخۆشم. دایە و بابە، خوشک و براکانم و خێزانەکەم خۆشدەوێت.

نامەی راهێنەر بۆ خێزانی منداڵەکان:

دایک و باوکە بەڕێزەکان:

هەموو منداڵەکان باشن. خەڵکی باشی لێیە کە زۆر ئاگاداری ئەوانن. من بەڵێن دەدەم تا ئەو کاتەی بتوانم یارمەتی منداڵەکان دەدەم. سوپاسی پشتگیریتان دەکەم. زۆریش داوای لێبوردن دەکەم.

نامەی راهێنەر بۆ خێزانەکەی:

بۆ پور و نەنکم:

من باشم. نیگەرانی من نەبن. ئاگاتان لە تەندروستیتان بێت. پورێ، تکایە بە داپیرە بڵێ خواردنەوەی سەوزە و گۆشتی سورەکراوم بۆ ئامادەبکات کە هاتمە دەرەوە. هاتمە دەرەوە دەیخۆم. هەمووانم خۆشدەوێت.

Fly Erbil Advertisment