تره‌مپ نامه‌یه‌كی ده‌ستنووسی كیم جۆنگ ئون بڵاوده‌كاته‌وه
تره‌مپ نامه‌یه‌كی له كیمه‌وه پێگه‌یشت
.jpg)
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، نامه‌یه‌كی ده‌ستنووسی كیم جۆنگ ئونی سه‌رۆكی كۆریای باكوور بڵاوده‌كاته‌وه، كه له رێگه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتووه‌ته ده‌ستی.
تره‌مپ نامه‌كه‌ی به په‌یامێكی "جوان" وه‌سفكردووه و تێیدا كیم داوا له سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، بۆ به‌هێزكردنی متمانه‌ی نێوانییان، هه‌ندێك هه‌نگاوی كرده‌نی بگرێته‌به‌ر.
نامه ده‌ستنووسه‌كه به زمانی كۆری نووسراوه و بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی وه‌رگێڕدراوه، هه‌ردوو ده‌قه ئینگلیزی و دهستنووسهكهش بڵاوكراوه‌ته‌وه، تێیدا كیم متمانه‌ی دوولایه‌نه‌ی نێوانییان به "به‌رهه‌مدار" وه‌سفكردووه و لووتكه‌ی سه‌نگاپووره‌ش كه مانگی رابردوو ئه‌نجامیاندا، به "پرۆسه‌یه‌ی گرنگ" وه‌سف ده‌كات.
تره‌مپ له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووسه‌كه، له تویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه نووسیویه‌تی: "نامه‌یه‌كی زۆر جوان له سه‌رۆكی كۆریای باكووره‌وه.. پێشكه‌وتنی گه‌وره به‌ڕێوه‌ده‌چێت!".
بڵاوكردنه‌وه‌ی نامه‌كه له كاتێكدایه، كه چه‌ند رۆژێكه مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له پیۆنگ یانگی پایته‌ختی كۆریای باكووره‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه و له ماوه‌ی دوو رۆژی مانه‌وه‌یدا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی چڕوپڕی له‌گه‌ڵ به‌رپرساندا كردووه، به‌ڵام چاوی به كیم جۆنگ ئون، نه‌كه‌وتبوو.
A very nice note from Chairman Kim of North Korea. Great progress being made! pic.twitter.com/6NI6AqL0xt
— Donald J. Trump (@realDonaldTrump) July 12, 2018
به گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كان، له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی پۆمپیۆ له كۆریای باكوور، كیم جۆنگ ئون، هیچ هه‌واڵێكی له میدیا فه‌رمییه‌كان بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه و خۆی نیشان نه‌ده‌دا، ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام میدیاكانی ئه‌و وڵاته یه‌كه‌م هه‌واڵ و راپۆرتیان له باره‌ی كیمهوهیه، به‌ڵام ئه‌وجاره پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه.
دوای 7 رۆژ ده‌رنه‌كه‌وتن له میدیاكان، ئاژانسی فه‌رمی وڵاتی كۆریای باكوور، چوار راپۆرتی له باره‌ی كیمه‌وه بڵاوكرده‌وه، كه باس له‌وه ده‌كات، كیم جۆنگ ئون، له یه‌كێك له ناوچه‌كانی سه‌ر سنووری چین، كه ده‌كاته پارێزگای سام گیون كێڵگه‌كانی چاندنی پهتاتهكانی ناوچه‌ی جۆنگ هۆنگی به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تیمێكی حكوومه‌ت، له نزیكه‌وه ئاگاداری ره‌وشی چاندنی ئه‌و به‌رهه‌مه ببن.
له‌كاتێكدا تره‌مپ ئه‌و نامه ده‌ستنووسه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه، واشنتن داوا ده‌كات چیدیكه نه‌وت بۆ كۆریای باكوور هه‌نارده نه‌كرێت، چونكه به گوێره‌ی زنجیره سزاكانی سه‌ر ئه‌و وڵاته، پیۆنگ یانگ زۆر زیاتر له رێژه‌ی دیاریكراوی خۆی نه‌وتی هاورده كردووه.

ئه‌وه‌ش له نامه‌یه‌كدا هاتووه كه بۆ سه‌رۆكی لێژنه‌ی سزاكانی سه‌ر كۆریای باكوور له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نێردراوه و تێیدا هاتووه: "داوا له لێژنه‌ی 1718 ده‌كه‌ین، به راگه‌یه‌ندراوێك بۆ رای گشتی بیخاته‌ڕوو و بڵاویبكاته‌وه، كه كۆریای باكوور پشكی دیاریكراوی هاورده‌كردنی نه‌وتی پێشێلكردووه، كه له بڕیاری ژماره 2397ی ساڵی 2018دا دیاریكراوه".
له نامه‌كه‌دا جه‌خت له‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه، پێویسته لێژنه‌كه بڕیاری راگرتنی ده‌ستبه‌جێی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت بۆ كۆریای باكوور ده‌ربكات.
داواكه‌ی واشنتن پشت به راپۆرته هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌به‌ستن، كه دراوه‌ته لێژنه‌ی سزاكان، تێیدا وێنه‌ی ئه‌وه‌ی نیشانداوه كه گواستنه‌وه‌ی نایاسایی نه‌وت له رێگه‌ی ده‌ریاوه به‌ره‌و كۆریای باكوور ئه‌نجام ده‌درێت.
راپۆرته باس له‌وه‌ش ده‌كات، له سه‌ره‌تای كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر تاكو 30ی ئایار/ مایۆ، واتا پێنج مانگی یه‌كه‌می 2018، كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كان به به‌رده‌وامی چوونه‌ته كۆریای باكوور، ئه‌و كاره‌ش زیاتر له 89 جار دووباره بووه‌ته‌وه له‌و ماوه‌یه‌دا، كه ته‌واوی نه‌وت و پێكهاته‌كانی، له رێگه‌ی نایاساییه‌وه كڕاون.
راپۆرته‌كه ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌و به‌رهه‌مه نه‌وتی و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی ناو ئه‌و كه‌شتییانه بهتاڵكرابن، ئه‌وا زۆر له‌و قه‌باره‌یه زیاتر ده‌كات كه بۆی دیاریكراوه, ئه‌ویش ساڵانه 500 هه‌زار به‌رمیله.
سه‌رچاوه: العربی پۆست
ا. م