جیهان له‌ چاوه‌ڕوانی لووتكه‌ی تره‌مپ و پوتینه‌

له‌به‌ر ئه‌م پێنج هۆكاره‌ هێلسینكی بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌

K24 – فینلاند:

بڕیارە سبەی دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، لەھێلسنکی پایتەختی فینلاند کۆببنەوە، ئەمەش بەیەکەم کۆبوونەوەی لووتکە دادەندرێت لەنێوان ھەردوولادا.

چاوەڕوان دەکرێت لەکۆبوونەوەکەدا، دەستێوەردانی رووسیا لەھەڵبژاردنی رابردووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی ناتۆ لەگەڵ رووسیا، قەیرانی سوریا و پرسی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەبن.

ھەرچەندە لەساڵی رابردوودا دووجار تره‌مپ و پوتین لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی ئۆپیک لە ڤێتنام و کۆبوونەوەی لووتکەی جی 20، لەئەڵمانیا لەنزیکەوە یەکتریان بینی و کۆبوونەوەی کورتیان ئەنجامدا، بەڵام ئەمجارە جیاواز دەبێت و یەکەم کۆبوونەوەیە بە فەرمی  لەنێوان تره‌مپ و پوتین، لەگەڵ بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا.

بۆ هێلسنکی؟

پێنج هۆکار وایکردووە لە ھێلسنکی کۆبوونەوەی لووتکە بەڕێوەبچێت و بەشیاوترین شوێن دابنرێت.

یەکەم: ساڵی 1975 جێرالد فۆرد، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لەگەڵ لینود بریجنیف، سەرۆکی ئەو کاتی یه‌كێتی سۆڤیەت و 33 سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای لاتین، لەم شارە کۆبوونەوە و رێکكەوتنێکیان واژۆکرد و دواتر بەرێکكەوتنی ھێلسینکی ناسرا لەسەردەمی جەنگی ساردا.

دووەم: ساڵی 1990، جۆرج بوشی بوك، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا و میخایل گۆرباشۆڤ، سەرۆکی ئەوکاتی سۆڤیەت لەو شارەدا کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی چەند قەیرانێکی ئەوکات.

سێیەم: فینلاند وڵاتێکی ئەوروپییە، بەڵام تائێستا ئەندام نییە لە ناتۆ (ناتۆ رێکخراوێکی سەربازییەو 29 وڵات بەئەمریکاوە ئەندامن تیایدا)، لەکاتی جەنگی جیھانی دووەم و دابەشبوونی وڵاتانی ئەوروپا بۆ دوو بەرە، بەرەی رۆژھەڵات و رۆژئاوا، بەشێکیان پشتگیری ئەمریکایان کرد و بەشەکەی دیكه‌یش رووسیا، بەڵام فینلاند، بەبێ لایەن مایەوە و ھەوڵی ھاوسەنگی دەدا لەنێوان ئەمریکا و رووسیا.

چوارەم: تره‌مپ لەم گەشتەیدا بۆ ئەوروپا، سەردانی چەند وڵاتێکی کرد، لەبەلجیکاش بەشداری کۆبوونەوەی ناتۆی کرد، دواتر سەردانی بەریتانیای کرد، لە کۆتاییشدا لەھێلسنکی پایتەختی فینلاند کۆتایی بەگەشتەکەی دەھێنێت.

پێنجەم: رۆژێک پێش کۆبوونەوەی لووتکە، پوتین لە مۆسکۆ بەشداری دوایین یاری مۆندیالی جیھانی 2018 و مەراسیمی کۆتایی مۆندیال دەکات و رۆژی دواتریش لە مۆسکۆوە بەفڕۆکە، دوای 2 کاتژمێر لە شاری ھێلسنکی پایتەختی فینلاند دەبێت و کۆبوونەوەکە لەگەڵ تره‌مپ ئەنجام دەدات.

ا. م