ھێزەكانی عێراق لەسەر ئاڵای كوردستان دوو پێشمەرگە ئەشكەنجە دەدەن
"لە خاڵێكی پشكنین رێگەیان لێگرتوون"
K24 - گەرمیان
لە یەكێك لە بازگەكانی دووز خورماتوو، دوو پێشمەرگە لەلایەن ژمارەیەك چەكداری ھێزەكانی عێراق، لەسەر ئاڵای كوردستان ئەشكەنجە دەدرێن.
ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان، لە زاری محەمەد فایق، بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی دووز راگەیاند: "شەوی رابردوو 2018/7/20 دوو پێشمەرگه ی هێزەکانی پشتیووانی 2 به ناوەکانی ( م . ي . ح ) له دایكبووی 1981 و ( ف . ص . ق) له دایكبووی 1990، لەلایەن چەكدارانی ھێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا ئەشكەنجە دراون".
روونیكردەوە: "رووداوەكە لەو كاتە روویداوە كە ئەو پێشمەرگانە بە خاڵی پشكنین دا تێدەپەڕن داوای ناسنامەیان لێدەكرێت و ئەوانیش ناسنامەی پێشمەرگەیان پێدەدەن، لەوكاتەدا یەكێك لە چەكداراەكانی خاڵی پشكنین سوكایەتی بە ئاڵای كوردستان دەكات كە لەسەر ناسنامەكە ھەیە و گوتوویەتی ئەوە ئاڵای وڵاتی میسرە. یەكێك لەو پێشمەرگانەش دەڵێت، نەخێر ئەوە ئاڵای كوردستانە. ئەو ساتە دەبێتە دەمەقاڵەیان و جنێو بە پێشمەرگەكان دەدەن و ئەشكەنجەیان دەدەن".
ھ.م

