دایكی یەكێك لە ھێرشكەرەكانی سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر بۆ كوردستان24 دەدوێت
كوردستان24 به‌دواداچوون له‌باره‌ی سێ په‌لامارده‌ره‌كه‌ی سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات
K24 - ھەولێر
كوردستان24 به‌دواداچوون و زانیاری تایبه‌ت ده‌رباره‌ی ئه‌و سێ ھێرشكەرە ده‌خاته‌ڕوو كه هێرشیان كرده سه‌ر باڵه‌خانه‌ی پارێزگای هه‌ولێر. هاوڕێكانیان ده‌ڵێن، ئه‌و سێ تیرۆرسته زۆربه‌ی كاته‌كانیان له مزگه‌وته‌كاندا به‌سه‌ربردووه و تێكه‌ڵی كه‌سیش نه‌ده‌بوون. دایكی یه‌كێك له پەلاماردەرەكان ده‌ڵێ "كوڕه‌كه‌م به‌ره‌به‌یان بۆ نوێژی به‌یانی چووه‌ته ده‌ره‌وه و نەگەڕایەوە".
تیمی كوردستان24 دەچنە گه‌ڕه‌كی قه‌ڵاتی نوێی شاری ھەولێر و بەردەم ماڵی بیلال سلێمان عه‌بدولره‌حمان، كە یه‌كێك له‌و سێ ھێرشكەرەی كه هێرشیان كرده سه‌ر باڵه‌خانه‌ی پارێزگای هه‌ولێر. شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه هێنده‌ی له زیندانێك ده‌چێت هێنده له‌شێوه‌ی ماڵێكی ئاسایی ناچێت، خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك زانیاری زۆریان له‌باره‌یانه‌وه نییه،چونكه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، خێزانێكی دووره په‌رێزبوون و تێكه‌ڵی كه‌س نەدەبوون.
بۆ دەستكەوتنی زانیاری زیاتر، پەیامنێری كوردستان24 دایكی بیلالی ته‌مه‌ن هه‌ژده ساڵ دەدۆزێتەوە، كە یەكێكی دیكە بوو لە پەلاماردەرەكانی سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر. دوای لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵی، هێزه‌كانی ئاسایش دایكی بیلالیان ئازادكردووه، ئه‌و هێشتا بێ ئاگایه له‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی چ تاوانێكی كرووه و ته‌نانه‌ت ناشزانێت كه كوژراوه دایكی ده‌ڵێ "به‌ره‌به‌یان بیلال بۆ نوێژی به‌یانی چووته مزگه‌وت و تا ئێستا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه".
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك و هاوڕێكانی باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه چه‌ند مانگی رابردوو بیلال هه‌ر به‌ڕێی مزگه‌وت بووه.
ھێمن حوسێن پەیامنێری كوردستان24 ده‌چێته ئه‌و مزگه‌وته‌ی نزیك ماڵه‌كه‌یان، مامۆستای ئایینی مزگه‌وته‌كه به‌نیازی ڕۆشتن بوو، بەڵام ڕایدەگرێت و چه‌ند پرسیارێكی له‌باره‌ی بیلاله‌وه لێ‌كرد. چه‌ند هاوڕێیه‌كی بیلالیش ده‌دۆزێتە، یەكێك لە ھاوڕێكانی پێچەوانەی مامۆستا ئاینیەكە دەڵێ"بیلال زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌م مزگه‌وته بووه".
پەیامنێری كوردستان24 ماڵی بیلال به‌جێ دەھێڵێ و دەیەوێت زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ره‌هێڵ محه‌مه‌د و عه‌بدولره‌حمان ره‌حیم، به‌ده‌ست بخات كه ئه‌وانیش هاوشانی بیلال هه‌ڵیان كوتایه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی پارێزگای هه‌ولێر و كوژران. هاوڕێیه‌كی ره‌هێڵی ته‌مه‌ن 16 ساڵ ده‌دۆزێتەوە، ئه‌و ده‌ڵێ "رێگای دوور و نزیكی ره‌هێڵ مزگه‌وت بوو".
تیمی كوردستان24 ده‌چنه گه‌ڕه‌كی هیران لە شاری ھەولێر ماڵی تیرۆرست عه‌بدولره‌حمان ره‌حیم، لەو گەڕەكەیە. هاوڕێكانی، ده‌ڵێن، عه‌بدولره‌حمان به‌هه‌مان شێوه‌ی بیلا و ره‌هێل هه‌ر به رێگای مزگه‌وته‌وه بووه ته‌نانه‌ت كه سڵاومان لێی ده‌كرد ده‌یگوت "خودا عه‌فومان بكات".
به گوته‌ی كه‌سوكار و هاوڕێكانیان بێت هه‌ر سێ تیرۆریست (بیلال سلێمان و ره‌هێڵ محه‌مه‌د وعه‌بدولره‌حمان ره‌حیم) زۆربه‌ی كاته‌كانیان له مزگه‌وته‌كاندا به‌سه‌ربردووه و بیری توندڕه‌وی له‌مێشكیاندا چه‌كه‌ره‌ی كردووه، به‌جۆرێك خەڵك گومانیان كردووە سه‌ر بە رێكخراوی داعش بووبن.
ھ.م