رۆسنه‌فت پرۆژه‌كانی له هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات
رۆسنه‌فت: تا كۆتایی ئه‌مساڵ پرۆژه‌كانمان ده‌ستپێده‌كه‌ین

K24 - هه‌ولێر:
كۆمپانیای رۆسنه‌فتی گه‌وره به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وتی رووسی رایگه‌یاند: "ده‌ستی به پلاندانان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له كۆتایی ساڵی 2018ـدا ده‌ست به پرۆژه نه‌وتییه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان بكات".
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی رۆیته‌ر، نوێنه‌ری كۆمپانیای رۆسنه‌فت گوتوویه‌تی: "شاندێكی كۆمپانیاكه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان له پارێزگای دهۆك باسی ئه‌و هه‌نگاوه پێویستانه‌یان كردووه كه ده‌بێته ده‌ستپێكی جێبه‌جێكردنی ریككه‌وتنه‌كه‌ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017ـی نێوانیان".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "پێشبینی ده‌كه‌ین پێش كۆتایی ئه‌مساڵ، ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی پرۆژه نه‌وتییه‌كانمان بكه‌ین".
كۆمپانیا زه‌به‌لاحه رووسییه‌كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتووه، له 5 ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به كنه و پشكنینی جیۆلۆجی بكه‌ن. ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوویش بوون، ساڵی 2021 ده‌ست به به‌رهه‌مهێنانی ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كۆمپانیا رووسییه‌كه "رۆسنه‌فت بڕی 400 ملیۆن دۆلار بۆ وه‌به‌رهێنان له‌و پێنج ناوچه نه‌وتییه ده‌دات و دواتر نیوه‌ی ئه‌و بڕه‌ی له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و كێڵگانه ده‌درێته‌وه".
قه‌باره‌ی پشكی كۆمپانیا رووسیه‌كه‌یش، به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌كان ده‌گاته نزیكه‌ی 80%.
به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنه سه‌ره‌تاییه‌كانیش، قه‌باره‌ی یه‌ده‌گی نه‌وتی ئه‌و ناوچانه ده‌گاته 670 ملیۆن به‌رمیل.