"منداڵانی ئه‌شكه‌وت" ده‌بنه پیاوانی ئایینی
له ئه‌شكه‌وته‌وه بۆ په‌رستگای بودا
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌و مێردمنداڵانه‌ی كه له ئه‌شكه‌وتێكی تایلاند رزگاركران، به گوێره‌ی سرووتی ئایینی تایبه‌ت به بوداییهكان، ده‌كرێنه پیاوانی ئایینی.
رێوڕه‌سمه‌كه، به 9 رۆژ مانه‌وه له یه‌كێك له په‌رستگاكانی بودا ده‌ستپێده‌كات، به‌و پێیه‌ی خێزانه‌كانییان به‌ر له رزگاربوونی ئه‌و مێردمنداڵانه له ناو ئه‌شكه‌وت، به‌ڵێنییان دابوو، هاوكات رێز له گیانی ئه‌ندامێكی تیمی فریاگوزاری ده‌نێن، كه له كاتی پرۆسه‌ی رزگاركردنییان گیانی له‌ده‌ستدا.
ئه‌و مێردمنداڵانه، كه به "منداڵی ئه‌شكه‌وت" ناوبانگییان ده‌ركردووه، له‌ناو ئه‌شكه‌وتێكی "تام لوانگ"، له هه‌رێمی چیانگ رای باكووری تایلاند گیریان خواردبوو، دوای نزیكه‌ی 20 رۆژ مانه‌وه له ناو ئه‌شكه‌وته‌كه، رزگاركران.
رۆژنامه‌وانێكی هه‌رێمی راچابول نهجامگرابوان رایده‌گه‌یه‌نێت، 11 له‌و مێردمناڵانه ده‌بنه پیاوانی ئایینی و قۆناخی ده‌ستپێكن، به‌ڵام راهێنه‌ره‌كه‌یان (ئیك) ده‌بێته كاهین، هه‌رچی مێردمنداڵی 12همه، كریستیانه و هیچ پله‌یه‌ك له په‌رستگای بودا وه‌رناگرێت.
بودی، ئایینی سه‌ره‌كی تایلانده و زیاتر 90%ی دانیشتووانه‌كه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنیان، كوڕان ده‌كرێنه كاهین و رێوڕه‌سمی تایبه‌تییان بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌ندێك له خێزانه‌كانیش پێیانوایه، ئه‌و كاره به‌ره‌كه‌ت و پێگه‌ی به‌رز بۆ منداڵه‌كانییان ده‌هێنێت.
ا. م
