"کورد فاکتەرێکی سەرەکی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی عێراقە"
ئەمەریكییەكان: پێگەی كورد لە عێراق و ناوچەكەدا بەھیزە
K24 - واشنتن
ئهمەریكییهكان كورد به فاكتهرێكی سهرهكی بۆ چارهسهركردنی هاوكێشه ئاڵۆزهكانی عێراق دهزانن و سهرسامیشن بهوهی دوای پرۆسهی ریفراندۆم بۆ سهربهخۆیی، هێشتا پێگهو سهنگی كورد له عێراق كاریگهری خۆی ههیه له سهر پێكهێنانی حكوومهتی عێراق، لهگهڵ ئهوهشدا گلهییان له سیاسیهتی وڵاتهكهیان ههیه له عێراق و گۆڕینی نوێنهری سیاسیهتی دهرهوهی وڵاتهكهشیان له عێراق به گرنگ دهزانن.
چاودێرانی سياسی ئەمەريکی باس لە سەرسامیی خۆيان دەکەن، لەبارەی زيرەکی سەرکردايەتی سياسی کورد لە گەڕاندنەوەی خێرای پێگەی بەهێزی جارانيان لە عێراقدا، ئەوان دەڵێن، کورد جارێكی دیكە دووپاتیکردەوە کە فاکتەری سەرەکین بۆ هاوسەنگی و چارەسەرکردنی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی عێراق و ناوچەکە.
مايکڵ نايتس، سەرۆکی بەرنامەی عێراق لە دامەزراوەی واشنتن بە كوردستان24 راگەیاند: "کورد لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، دووەمين لايەنی گەورەی براوە بوون، ئەمجارەش ئامادەيی خۆيان دەربڕیووە، بۆ بەشداريکرن لە حکوومەت و ئێستا پارتی داوای پۆستی سەرۆکايەتی عێراق دەکات".
ئەمەريکيیەکان پەنجەی گلەيی بۆ سياسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆيان درێژ دەکەن و دەڵێن، کاتی ئەوە هاتووە ئەو دەم وچاوانە بگۆڕين، کە ئێستا نوێنەرايەتی سياسەتی دەرەوەمان دەکەن لە عێراق.
لەوبارەوە نوسەيبە يونس، شارەزا لە کاروباری عيراق و ستراتيژی ئەمەريکا دەڵێت: "سياسەتی ئێمە لە کاريگەريکردن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێك لە عێراق، کە لە قازانجی ئێمەدا بێت ناڕوونە و جێگەی داخە".
دامەزراوەکانی لێکۆڵينەوەو شیكردنەوەی سياسەت لە واشنتن چڕتر لە جاران بايەخ بەوەدەدەن زانياری وڕاستيەکان لە بارەی عێراقەوە بگەينە کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەيان.
بەيان سامی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەريکا بە كوردستان24 گوت: "كۆنگرێس و حكوومەتی ئەمەریكا بە وردی گوێ لەو گفتوگۆیانە دەگرن كە لەبارەی رەوشی عێراق و ھەرێمی كوردستان دەگرن، ئەوان ئەوە دەخەنەڕوو كە پێگەی كورد ئێستاش لە عێراق و ناوچەكە زۆر بەھێزە".
ھ.م