ئۆپۆزسیۆن تێکشکا و ئەسەد ئاڵای سەرکەووتن بەرزدەکاتەوە
"جیهان پشتی لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا کرد"

K24- ههولێر:
دوای بەکارهێنانیان لە جەنگی ناوخۆی سووریا، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تەواوی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فەرامۆشکران و ئەسەدیش ئاڵای سپی بەوان و ئاڵای سوور بۆخۆی بەرزدەکاتەوە.
سوپاکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، توانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەو شارە بەچۆکدا بهێنێت کە لانەی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سووریا بوو. دەرعا هەم سیمبول بوو بۆ ئۆپۆزسیۆن، هەمیش بەهۆی نزیکی لە سنووری ئوردن، ناوچەیەکی ستراتیژی بوو.
بە گوێرەی راپۆرتێکی سایتی دەیلی بیست، راید ئەل شێخ، یەکێک لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن، لە بارەی شکستی ئۆپۆزسیۆن لە شاری دەرعا دەڵێت: "جەنگ تەواو بوو، ئیدی پێویستە من بە زووترین کات سووریا جێبهێڵم".
راید دەشڵێت: "هەموو جیهان پشتیان لە ئێمە کرد و میدیاکان چیدی گرنگیمان پێنادەن".
رۆژانێک ئۆپۆزسیۆنی سووریا، "هاوڕێ باشەکەی" ئەمەریکا بوون و لە هەمان کاتدا جەنگی دژی ئەسەد، داعش و بەرەوی نوسڕەیان دەکرد، بەڵام ئێستا داهاتووی ئەو چەکدارانە بە بردنەوەی ئێران و رووسیا لە سووریا تەواو تەمومژاوییە.
ئۆپۆزسیۆن بە درێژای جەنگی ناوخۆی سووریا، چەند گروپ و رێکخراوی جیاوازی لێ دروست بوو، زۆریان زوو بوونە گروپی ئیسلامی و پەنایان بردە بەر جیهاد، ئەمەش بۆخۆی کاریگەری لەسەر پوکانەوەیان هەبوو.
زیاد ئیبراهیم، چەکدارێکی بەرەی ئازادی سووریا، لە بارەی رێکخراوی هەیئەی تەحریر ئەل شام، گووتی: "سەرەتا ئەوان هاتن و خواردنیان دەدات بە گوندەکان، خەڵکیش وای دەزانی ئەوان کەسانی باشن، بەڵام زوو خەڵک زانی ئەوانیش جیاوازیان لەگەڵ داعش و گروپەکانی دیکە نییە. کامپی بچووکیان کردەوە و ناویاننا سەنتەری فێرکاری ئیسلامی. لەو سەنتەرانە مێشکی خەڵکیان دەشۆردەوە بۆ جیهاد".
راید و زیاد پێکەوە لە لایەن فەرماندەکانیان لە سوپای ئازادی سووریا، بۆ داگیرکردنی عفرین، بوونە بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی "چڵە زەیتوون" کە تورکیا سەرۆکایەتی دەکرد. بەڵام کاتێک هێزە کوردییەکانی ئەو شارە وەدەرنران، تاڵانی و فەرهوود دەستی پێکرد.
ئەم دوو چەکدارە لەگەڵ ئەوەی خۆیان بێبەری دەکەن، نایشارنەوە کە ئەوان بە چاوی خۆیان چەکدارانی سوپای سووریای ئازادیان بینیوە "جل، سەیارە و کەلوپەلی ناوماڵیان دزیوە".
زیاد زیاتر لەو بارەیەوە دەدوێت و دەڵێت: "کاتێک ئەوەم بینی، من هەستم کرد وەک بکوژێکی بەکرێگیراو هێندراوم بۆ جەنگ".
شەڕکردن دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە عەفرین، درزێکی دیکەی خستە نێو یەکڕیزی ئەو هێزانەی دژی ئەسەد لە سووریا دەجەنگان، چونکە بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا و هەسەدەش، دەبوو دوژمنی هاوبەش ئەسەد و رژێمەکەی بێت نەک هێزە جیاوازەکانی سووریا کە دژ بە ئەسەد دەجەنگان.
تا دێت رژێمی سووریا زیاتر ناوچەکانی کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە، بەشێک لە چەکدارانی سووریاش دانبەوەدەنێن کە دواجار ئەسەد سەرکەوتوبوو، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دیوارێکە بۆ ماڵە نوێکەی ئەسەد، رەنگە ئەمەش هۆکاری سەرەکی بێت هێزێکی وەک هەسەدە پەنا بۆ ئەو سەرۆکەی سووریا بەرێت.
H.J