ئەوروپا دەکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
پلەی گەرمی چەند شوێنێکی ئەوروپا هاوشێوەی عێراقە

K24- ههولێر:
هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و پورتوگال بەدەست ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە باکووری ئەفریقا رووی تێکردوون دەناڵێنن و پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزبۆتەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، هەشت شوێنی جیاوازی پورتوگال بۆ یەکەمینجار پلەکانی گەرما تیایاندا گەشتۆتە 47 پلەی سیلیزی، چاوەڕوانیش دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوو ئەو پلەیە زیاتر بەرزببێتەوە.
لە مێژووی کێشوەری ئەوروپادا تەنها یەکجار لە ساڵی 1977، پلەی گەرمای ئەسینای پایتەختی یۆنان گەیشتۆتە 48، بەڵام ئێستا ئیسپانیا و پورتوگال نزیکن ئەو تۆمارە بشکێنن.
ئاژانسی پاراستنی هاووڵاتیانی هەردوو وڵات خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی چونکە هەر بەهۆی گەرماوە ئاگر لە چەند ناوچەیەک کەوتۆتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دارستانەکانی سووید مەترسیان لەسەرە، چونکە سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، بایەکی وشک و خێراش روویکردۆتەوە ئەو وڵاتە.
هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، فرەنسا دوو پێگەی ئەتۆمی داخستووە و چەند هێڵێکی شەمەندەفەری ئەڵمانیاش ئاوی بەلاش بەسەر سەرنشینانیان دابەش دەکەن و بڕیاریشیانداوە کە ساردکەرەوەی شەمەندەفەرەکان بەردەوام کارا بن.
H.J