ئەمەریکا و بەریتانیا جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە دەکەنەوە
"پێكەوە شەڕی داعشمان كردووە، دەبێ ھاوكاری پێشمەرگە بكەین"
K24 - واشنتن
لە واشنتنی پايتەختی ئەمريکاوە بەرپرسانی بەريتانی و ئەمەريکی باس لە قارەمانێتی و دڵسۆزی پێشمەرگە دەکەن و جەخت لەسەر بەردەواميدان بە هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەکە دەكەنەوە.
دامەزراوەی ئەنجوومەنی ئەتلانتيک لە واشنتن ميوانداریی وەزيری بەرگری بەريتانيای کرد بۆئەنجامدانی سيمينارێک لە بارەی رەوشی پەيوەندیيە سەربازیيەکانی نێوان ئەمريکا و بەريتانيا و هاوپەيمانێتی نێوانيان لە شەڕی دژی تيرۆردا.
گافين ويليامسۆن، وەزيری بەرگری بەريتانيا لەو سيمينارەدا راشکاوانە گووتی "هاوکاری و هەماهەنگی هێزە لۆکاڵيەکان بوو يارمەتی بەريتانيا وئەمريکاياندا لە ڕووخاندنی دەوڵەتە وەهميەکەی بەغدادی، بەڵام فيکری توندڕەوی و مۆڵگەی بچووکی شاراوەی ئەم تيرۆريستانە هێشتا ماون لە ناوچەکەدا، بۆيە چالاکیيە سەربازیيەکانی ئێمە و ئەمەريکا لە ناوچەکەدا درێژەیان دەبێت".
وەزيری پێشووی هێزە ئاسمانيەکانی ئەمەريکاش بەهەمان شێوە جەخت لەسەر مانەوەی ئۆپەراسيۆنەکانی هەردوو وڵات دەکات.
بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات بەردەوام باسی متمانە و سوپاسگوزاری خۆيان دەکەن بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تەنانەت بڕيارەکەی ئەم دواييەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران وپيران بۆ هاوکاريکردنی پێشمەرگە لە بودجەی سەربازيی ئەمەريکادا بۆ ساڵی 2019 لەو سۆنگەيەوە سەرچاوەی گرتووە.
لەوبارەوە بەيان سامی، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئەمەريکا بە كوردستان24 گوت: "دۆستانی ئێمە لە كۆنگرێس، رای كۆنگرێسیان ئامادەكرد و تێیدا دەڵێت"پێشمەرگە دۆستی ئەمەریكایە و پێكەوە شەڕی داعشمان كردووە، دەبێ ھاوكاری پێشمەرگە بكەین".
ھ.م