ژنه‌ په‌نابه‌رێكی موسڵمان ده‌بێته‌ ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ به‌راییه‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئیلهان عومه‌ر، كچه‌ موسڵمانێكی له‌ بنه‌ڕه‌ت سۆماڵییه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ به‌راییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، توانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهنێت و كورسییه‌ك بۆ خۆی له‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ مسۆگه‌ر بكات.

به‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كه‌م ژنه‌ موسڵمان، كه‌ به‌ له‌چكه‌وه‌ ده‌چێته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا و له‌سه‌ر پشكی دیموكراته‌كان كورسییه‌ك له‌ كۆنگرێس مسۆگر ده‌كات.

ئیلهان له‌ ویلایه‌تی مینۆسیتای ئه‌مه‌ریكا و له‌ پارتی دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا خۆی كاندیدكردبوو و توانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.

ئیلهان ساڵی 1982 له‌ سۆماڵ له‌دایكبووه‌، خوێندنی زانكۆی له‌ ویلایه‌تی داكۆتای باكوور ته‌واو كردووه‌، به‌ دووه‌م ژنه‌ موسڵمان داده‌نرێت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه به‌راییه‌‌كان ده‌رچووه‌.

پێشتریش ژنێكی فه‌له‌ستینی به‌ناوی (ره‌شیده‌ تڵه‌یب) له‌ شاری دیترۆیتی ویلایه‌تی میشیگان له‌سه‌ر پارتی دیموكراته‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ به‌راییه‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.

ا. م