له‌ ئه‌وروپا شه‌ڕه‌ چه‌قۆیه‌

له‌ پاریسیش كوژراو و بریندار هه‌یه‌

K24 هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/8/2018 له‌ ده‌وروبه‌ری پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا كه‌سێك به‌ چه‌قۆوه‌ ھێرشی ئه‌نجامداوه‌و كوژراو و بریندار هه‌یه‌.

میدیاكانی ئه‌وروپا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ كه‌سێك كوژراوه‌و دوو كه‌سی دیكه‌ش له‌ رۆژئاوای پاریس بریندار بوون.

تا ئێستا هۆكاری ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ روون نه‌بووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام پۆلیسی فه‌ڕه‌نسی ئه‌وه‌ی پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كژراوه‌كان دایكی و خوشكی بكوژه‌كه‌ن و پۆلیسیش هێرشبه‌ره‌كه‌ی كوشتووه‌.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ شارۆچكه‌یه‌كی بچووكی رۆژهه‌ڵاتی به‌لجیكاش، پیاوێك به‌ چه‌قۆ هێرشی كرده‌سه‌ر چێشتخانه‌یه‌ك و دوو ژنی كوشت‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی "RTBF" پیاوه‌كه‌ چووه‌ته‌ ناو رێستۆرانتێكی شارۆچكه‌ی مۆرینسی شابیل له‌ رۆژهه‌ڵاتی به‌لجیكا و به‌ چه‌قۆ هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ ئاماده‌بووانی چێشتخانه‌كه‌ و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان دوو ژنی كوشتووه‌ كه‌ هه‌ر دووكیان هاوڕێی پێشووتری خۆی و دایكی بوون".

هه‌روه‌ها له‌و هێرشه‌دا ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون و گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كان رایانگه‌یاندووه‌: "له‌و رووداوه‌دا هێرشبه‌ره‌كه‌ كوژراوه‌، به‌ڵام چۆنێتی پێكرانی هێشتا نادیاره‌".