ڤیدیۆی هێرشە چەکدارییەکەی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە
13 کەس بوونەتە قوربانی

K24 – ههولێر:
شەوی رابردوو لە شاری جاکسنڤیلی ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمەریکا چەکدارێک دەستڕێژی گولـلەی لە چەند کەسێک کە لە پێشبڕکێی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەشداربوون کرد.
بەگوێرەی هەواڵیکی بی بی سی، چەکدارەکە بە ناوی دەیڤد کاتز، تەمەنی 24 ساڵە، لە کاتی گەیشتنی بە هۆڵی یارییە ئەلیکترۆنییەکان، دەستڕێژی گولـلەی کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 11ی دیکەش برینداربوون.
لە دوای کوشتن و بریندارکردنی ئەو ژمارە گەنجە، دەیڤد بە گولـلەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆشی دەهێنێت.
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ساتی رووداوەکە تۆمارکراوە کە تیایدا دوو کوژراوەکە دەردەکەون و دەنگی و هاواری ئەوانیدکەش دەبیسترێت.
بەهۆی رووداوێکی تەقەکردن لە ساڵی 2016 و دوو رووداوی دیکەش لەمساڵدا، 68 کەس بەهۆی تەقەی هەڕەمەکی تەنها لە ویلایەتی فلۆریدا کوژراون و بەشێکی هاووڵاتیانی ئەمەریکاش داوای گۆڕینی یاسای پێدانی چەک بە هاووڵاتیانی ئاسایی دەکەن.
H.J