دانیشتنی دادگایی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت دواخرا
سێ لێزانی دیكه بۆ نووسینی راپۆرت ده‌ستنیشان ده‌كرێن

K24 - هه‌ولێر:
دادگای فیدرالی سه‌ندیكای جیۆلۆجی عێراقی راده‌سپێرێت، بۆ ئاماده‌كردنى ليستێكی پسپۆران له بواری نه‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو لیسته‌كه سێ كه‌س ده‌ستنیشان بكات و راپۆرتێك له باره‌ی ده‌رهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه بنووسن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی دادگای فیدرالیش، هه‌ڵبژاردنی شاره‌زایان (لێزانان) به ره‌زامه‌ندی هه‌ردوولایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به سكاڵاكه‌وه هه‌یه، كه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی و وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانن، كه پێشتر وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، سكاڵای له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆمار كردووه.
ئیاس ساموك، گوته‌بێژی دادگای فیدرالی رایگه‌یاند، دادگای فیدرالی دانیشتنی دادگایی ئه‌مڕۆی دواخست، كه به سه‌رۆكایه‌تی مه‌دحه‌ت مه‌حموود و ئاماده‌بوونی ته‌واوی ئه‌ندامانی به‌ڕێوه‌چوو.
ساموك راشیگه‌یاند، له‌سه‌ر داوای بریكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كان، ئه‌و شاره‌زا "لێزانه‌ی" پێشتر لەلایەن دادگاوە راسپێردرابوو بۆ نووسینی راپۆرتێك له باره‌ی یاسایبوونی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ره‌تكرایه‌وه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، دادگا دوای گفتوگۆكردن داواكه‌ی بریكاره‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد و دووپاتی له‌وه كرده‌وه، پارێزگاری له بێلایه‌نی خۆی ده‌كات و بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ی هه‌ردوولایه‌نی سكاڵاكه، بڕیاریشدرا لایه‌نه‌كانی سكاڵا شاره‌زا "لێزانێك" یان سێ لێزان له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ نووسینی راپۆرته‌كه.
به گوێره‌ی گوته‌بێژی دادگای فیدرالی، هه‌ردوولایه‌نی سكاڵاكه، دادگایان سه‌رپشك كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ندیكای جیۆلۆجی عێراقی راسپێرێت بۆ ناردنی لیستێكی لێزانان بۆ دادگا، دادگای فیدرالیش، سێ كه‌س له‌ناو لیسته‌كه بۆ نووسینی راپۆرته‌كه، ده‌ستنیشان ده‌كات.
دادگاییه‌كه‌ش بۆ رۆژی 9ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری داهاتوو، دواخرا.