سوپاسالاری ئێران هه‌ڕه‌شه ده‌كات
ئه‌مه‌ریكا و هێزه بیانیه‌كان هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكه‌ن باجێكی قورس ده‌ده‌ن
K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د باقری، سوپاسالاری ئێران له‌باره‌ی رێگه‌گرتن له فرۆشتنی نه‌وتی ئێران له رێگای ته‌نگه‌ی هورمز هۆشداریی ده‌دات و ده‌ڵێت: "باجێكی قورس"ـی ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 30/8/2018 سوپاسالاری ئێران له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر بێت‌و رێگه له ئێران بگیرێت له رێگه‌ی ته‌نگه‌ی هورمزه‌وه نه‌وته‌كه‌ی بفرۆشێت، ته‌نگه‌ی هورمز بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش ئارام نابێت و هیچ نه‌وتێكیش له ناوچه‌كه‌وه به‌و ته‌نگه‌یه‌دا ناچێته ده‌ره‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "سوپای ئه‌مه‌ریكا و هێزه بیانییه‌كانی دیكه كه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن، نیازیان به‌رامبه‌ر ئێران خراپه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه باش بزانن كه باجێكی قورس ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكه‌ن له ناوچه‌كه‌دا".
هه‌ڕه‌شه‌ی ناو به ناوی ئێران به داخستنی گه‌رووی هورمز له به‌رده‌م نه‌وتی كه‌نداودا، بووه به سه‌رئێشه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆ وڵاتانی كه‌نداو و گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی به‌دوای جێگره‌وه‌یه‌كی باش و گونجاوی ته‌نگه‌ی هورمزدا بگه‌ڕێن.