گرانترین پارچه‌ زه‌وی له‌ كه‌لار فرۆشرا

رووبه‌ره‌كه‌ی 280 مه‌تره‌ و له‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار دۆلار فرۆشراوه‌

K24 - كه‌لار:

گرانبه‌هاترین پارچە زەوی‌ لە شاری کەلار، کە ڕووبەرەکەی 280 مەتردووجایە، به‌ زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 ھەزار دۆلار فرۆشرا.

ھاووڵاتییەك كه‌ کاری کڕین وفرۆشتنی زەوی و خانووە لە کەلار، ھۆکاری گرانی نرخی پارچە زەویيەكه‌ بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، كه‌ نزیكه‌ بازاڕەو شوێنیشی شیاوە بۆ ئەوەی بکرێت بە چەند دوکانێك.

به‌رزی نرخی زه‌وی و خانوو لە کەلار، ھۆکارێکه‌ بۆ ئەوەی زۆرکەس نەتوانێت بە ئاسانی ببێت بە خاوەنی پارچە زەويیەك یان خانووی خۆی، ھاووڵاتيیانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، بەھۆی ئەوەی کەلار بووەتە سەنتەرێکی بازرگانی نێوان ئێران وعێراق و کوردستان، نرخی خانوو و زەوی تێیدا بەمجۆره‌ له‌ هه‌ڵكشانه‌.

به‌گوێره‌ی بازاڕی موڵك و خانووبه‌ره‌ بێت، نرخی 150 مەتر زەوی لە دوورترين شوێنی سەنتەری شار، 35 ھەزار دۆلارە.

شارۆچكه‌ی کەلار ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە لە رۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ئێران ھاوسنوورە، لە باکووریشەوە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی لە باشووریش لەگەڵ پارێزگای دیالە و لەرۆژئاواشەوە لەگەڵ پارێزگای کەرکووك و سه‌ڵاحەدین هاوسنووره‌.

هه‌ڵكه‌وته‌كه‌ی وایكردووه‌ جووڵەی بازرگانی زۆری تیدابێت، به‌ڵام گرانبه‌هابوونی زه‌وی و خانوو وایكردووه‌، به‌رده‌وام دانیشتووانی شاره‌كه‌ كێشه‌ی نیشته‌جێبوونیان هه‌بێت.

ا. م

Fly Erbil Advertisment