كوردانی تاراوگە لە كۆمسیۆن نیگەرانن
"بۆچی لە ھەڵبژاردنەكانی كوردستان مافی دەنگدانمان نییە"
K24 - ناشڤێڵ
کوردستانیان لە ئەمەریکا جگە لە وەی ناڕازین پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دوابخرێت، گلەیی لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسیش دەکەن کە رێگا چارەیەکیان نەدۆزیەوە بۆ ئەوەی کوردانی تاراوگە بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان بکەن.
لە ئەمەریکا رەوندێکی کوردی زۆر هەن، وەك زۆربەی نەتەوەکانی دیكەش کەلتور و نەریتی خۆیان جێنەهێشتووە، سەرەڕای جیاوازییەکانی سیستم و یاساکانی ژیان، لەو غەریبیەدا کوردستانی بچووکی خۆیان بونیادناوە، بەتایبەتی لە شارێکی وەکو ناشڤیڵ پایتەختی ویلایەتی تێنیسی، کە زۆرترین رەوەندی کوردی لە ئەمەریکا گرتووەتە خۆی. كوردانی دانیشتووی ئەمەریكا نیگەرانن و گلەیی لە پشتگوێخستنیان دەکەن لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان.
عومەر شەفیق، دانیشتووی شاری ناشڤیڵی ئەمەریكا بە كوردستان24 گوت: "پرسیارمان لە كۆمسیۆن ئەوەیە بۆچی مافی دەنگدانمان نەبێت، لە شارێكی وەك ناشڤێڵ زیاتر لە 15 ھەزار كوردی لێیە، بۆچی لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەتوانین دەنگبدەین، بەڵام بۆ ھەڵبژاردنی كوردستان مافی دەنگدانمان نەبێت".
سەرەڕای جیاوازی لە بۆچوون و لایەنگیری سیاسیان، كوردانی ناشڤێڵ لەیەکتر دانابڕێن، تەبایی و جارجارەش شەڕی راوبۆچوونەکانیان دووبارەدەکەنەوە، بەڵام هەرگیز کۆبوونەوە و دانیشتنەکانیان ناپچڕێن، وەك خۆیان دەڵێن، گرنگ ئەوەیە دەرفەت بە نەیارانمان نادەین پێمان پێبکەنن. داواش دەکەن لەکوردستانیش لایەنە سیاسیەکان هەمان رەفتاریان هەبێ.
عەبدوڵڵا رەحمان، یەكێكی دیكە لە كوردانی دانیشتووی شاری ناشڤیڵ لە ئەمەریکا دەڵێت: "پێویستە پێش ئەوەی حزبەكان یەكبگرن خەڵكی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئاشت بكرێتەوە، ئەوەش بە ژمارەیەك دەكەوێتە سەر حزبە گەورەكان".
یەكێكی دیكە لە دانیشتووانی شاری ناشڤیڵ بەناوی فەرهاد سپینداری، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "حەزدەكەین بە ھەر رێگەیەك بێت بتوانین بۆ ھەڵبژاردنەكانی كوردستان دەنگبدەین و بەشداربین لە گۆڕانكارییەكانی كوردستان".
ھ.م