"كورد ده‌چێته‌ پاڵ هاوپه‌یمانی بنیات"

هاوپه‌یمانی بنیات واده‌ی گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ كورد ئاشكرا ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی بنیات، ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ واده‌ی گفتوگۆكانیانی له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردستانییه‌كان راگه‌یاند بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراق پێكبهێنن.

محه‌مه‌د سه‌هیوود، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت: "هاوپه‌یمانێتی بنیات به‌ سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی، پرسی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی نوێ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌و كار بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و دیاریكردنی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ ده‌كات، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌ كوردستانییه‌كان بۆ ته‌واوكردنی نه‌خشه‌ی سیاسی حكوومه‌تی نوێ دێنه‌ پاڵ هاوپه‌یمانێتی بنیات و پۆستی سه‌رۆككۆمار خۆیان دیاری ده‌كه‌ن".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "گفتوگۆی راسته‌وخۆ له‌نێوان هاوپه‌یمانی بنیات و كورد دوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستپێده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ پاڵ بنیات و سه‌رۆككۆمار دیاری بكه‌ن، چونكه‌ كورد به‌ڵێنیداوه‌ بێته‌ پاڵ هاوپه‌یمانێتی بنیات".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژی 4/9/2018 عه‌لی سنێد، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانێتی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، هێرشی كردبووه‌ سه‌ر هێزه‌ گه‌وره‌ كوردستانییه‌كان چونكه‌ بۆ پێكهێنانی كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی خۆیان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌".

سه‌رچاوه‌ : بغداد الیوم

Fly Erbil Advertisment