نەوتی كەركووك كێشە دەخاتە نێوان ئەمەریكا و عێراق
"دەبێ بەرپرسانی ئەمەریكا و عێراق لەسەر ئەو بابەتە كۆببنەوە"
K24 - واشنتن
بەپێی رێککەوتنێکی پێشووی عێراق و ئیران ھەناردەکردنی 60 ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووك بۆ ئێران بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، راوێژکارێکی پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، ئەوان پەلە ناکەن بۆ بڕیاردان لەوبارەوە، بەڵكو دەبێ بەرپرسانی تایبەتی ئەمەریكا و عێراق گفتوگۆی لەسەر بکەن.
ئەمەریکا لە ماوەی رابردوودا بە ئاشکرا هەڕەشەی لە حکوومەتی عێراق کرد سەبارەت بە ئەنجامدانی هەر جۆرە ئاڵۆگۆڕییەکی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا، ئەگەر ئەم بازرگانیە بچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی سزا ئابوورییە سەپێنراوەکانی واشنتن بەسەر تاراندا، بەڵام نە بەغدا و نە تارانیش گوێیان بە بڕیارەكەی واشنتن نەدا و بەپێی رێککەوتنێکی پێشوو هەناردەکردنی 60 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووك بۆ ئێران بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێن، کاریگەری بەهێزی ئێران لە گۆڕەپانی عێراقدا بووەتە زەنگێکی مەترسیدار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، بۆیە بە دووری نازانن ئێستا لە بری هەڕەشەکانی پێشوودا، واشنتن تۆزێك پەتەکەی شل بکاتەوە.
دەیڤد پۆڵاك، راوێژکاری پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە كوردستان24 راگەاند: "ئەمە واتای ئەوەیە کەوا ئێمە پەلە ناکەین و بڕیارێك دەربکەین بۆهەرجۆرە سزادانێك چ سەرەتایی بێ یا مام ناوەندی بۆ عێراق، ئەم کێشەیە دەبێت لەلایەن بەرپرسانی تایبەتی عێراق و ئەمەریکا بە گفتوگۆی لەسەربکرێت".
کازم ئەلوائیلی، چالاکوانی سیاسی لە واشنتن دەڵێت: " ئێران هەتا هەتایە لە عێراق دەمێنێ، ئێران وڵاتێکی زلە و هێزی چەکداری خۆی لەناو عێراقدا هەیە، میلیشیاکانی لەوێن، کاریگەریێکی زۆری لەسەر عێراق هەیە".
ھ.م